داود ئۆغلۆ لە خۆمان باشترمان دەناسێ!!

کۆمەڵگای کوردی هاوشێوەی ئەفغانییەکان دابەشبونێکی مایکرۆ - نەژادییان تێدایە، رەگەزەکانی ململانێی گروپە سیاسییەکانی کورد کە دەرهاویشتەی کولتوری خێڵن، بەردەوام لە بازنەیەکی بۆشی یەکتر لاوازکردندا دەژین.. ئەوکاتەی ئەم گروپانە لەو حەقیقەتە تێ ناگەن، سەرکەوتنە کاتییەکانی خۆیان وەک بەڵگەیەک بۆ سەرکەوتنی تەواوەتی لێکدەدەنەوە.

لە سایەی ئەم سایکۆلۆژییەدا، پەلاماردانی یەکتری کاریگەرییەکی تێکدەرانەی دەبێ بۆ سەر هەر بازنەیەکی نوێی، پێگە و شەرەف بەلای ئەو گروپانەوە، هەژموونیان زیاترە لە پێگەی ئەقڵ، بۆیە فەوتانی بەرامبەر ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاوترە تاوەکو دورکەوتنەوە.

دەکرێ بڵێین لە رووی سایکۆلۆژییەوە هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان شەڕ لەسەر ناموس و شەرەف و شەڕی ناوخۆ بەلای کوردەکانەوە، ئەوەی گورزێکی لەوەکەی تر داوە، دایم لە دڵەراوکێدایە ئەوی دی گورزێکی لێ نەدا، ئەوەشی لێیدراوە بەدوای هەلێکدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆی بکاتەوە و گورزی خۆی بوەشێنێ.

گەر تەماشای مێژووی خۆمان بکەین، بەلای کەم لە (٦٠) ساڵی رابردوودا، ئەو قسانە هەرچەند لەلایەن نەیارێکی کوردەوە نووسراوە، بەڵام حەقیقەتی زۆری تێدایە.

شەڕی نەوەی دووەمی سەرکردەی حیزبەکان، هیچ جیاوازیەکی نییە لە شەڕی نەوەی یەکەم، هەمان ئەقڵیەت و هەمان ستراتیژ و میکانیزم، بەڵام بە چەکی کوشنەدەتر.

لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کۆمەڵگاکەشمان، هەرچەندە بەڕواڵەت خاوەنی دەیان زانکۆ و هەزاران هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆر و بە ملیونەها خوێنەوارە، زۆر بە ئاسانی رەدوی ئەو ئەقڵە کەوتوون و ئامادە نییە دەستبەرداری بێ.

یەک تۆز سەیری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەن، دەبینن ئەو شەڕە خێڵەی لە سەردەمی ئێنتەرنێت و فەزای مەجازیدا لەگەڵ یەکتری دەکەین، چۆن بەسەدان ئاست شەڕی خێڵی سەردەمی بەردەقانی و کوتەک و داری تێپەڕاندوە.

ئەقڵی خێڵی سەرکردە سیاسیەکانی ئێمە ئامادەیە سازش بۆ دوژمنی باوەکوشتەی بکات، بەڵام لەکاتی ناکۆکیدا رەحم بەبراکەی خۆی ناکات.. ئامادەیە خێڵی ئەم بەر و ئەو بەر بێنێتە سەر خێڵی براکەی، بەو مەرجەی بڵین سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.

بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین هیچ سەرۆک خێڵێک بێ رەعیەتی خێڵ، شەڕی پێ ناکرێ، بۆیە درێژە پێدەری شەڕی خێڵەکان خودی رەعیەتی خێڵەکان خۆیانن..

455 جار خوێندراوەتەوە