لە نێو ئەو گۆڕانکارییە قوڵانەی کە هەرێمەکە و جیهان بەخۆیەوە
دەبینێت، پێویستە کورد چاو بە شێوازەکانی خەبات و ئامرازەکانی بەرگری لەخۆی
بخشێنێتەوە. حەقیقەت ئەوەیە سەردەمی چیا و تفەنگ کۆتایی هاتوە، یان بە لایەنی
کەمەوە، چەکی بەرگری کاریگەری جارانی نەماوە. گۆڕانکارییە جیۆسیاسی و
تەکنەلۆژییەکان واقیعێکی نوێیان بە سەر کورددا سەپاندوە، پێویستە کورد بە هۆشیاری
سیاسی و ستراتیژیەتی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
ئەوەی ئەمڕۆ لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا ڕودەدات
نیشانەیەکی ڕونە لەسەر ئەم گۆڕانکارییە. لە باکوری کوردستان، پارتی کرێکارانی
کوردستان کە نیو سەدەیە قارەمانانە روبەڕوی گەورەترین سوپای ناتۆ و جاشە
ناوخۆییەکان بوەتەوە، بە بڕیارێکی ئازایانە و بە تێگەیشتن لە دۆخەکە خۆی وەک
ڕێکخراوێکی چەکداری هەڵوەشاندەوە، کۆتایی بە قۆناغێک هێناو قۆناغێکی نوێی
دەستپێکرد.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، ئێران و عێراق تەنگیان بە "کۆمەڵە" و حیزبی دیموکراتی کوردستان هەڵچنیوە، چەکیان لێ
سەندونەتەوە و گواستویاننەتەوە بۆ کەمپی نوێ.
باشوری کوردستانیش دۆخەکە باشتر نییە. سەرەڕای داواکاریە
بەردەوامەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکان و وڵاتانی ئەوروپا بۆ یەکخستنی هێزەکانی
پێشمەرگە لەژێر چەترێکی نیشتمانی یەکگرتودا، کەچی یەکێتی و پارتی هێشتا دەستیان بە
میلیشیاکانی خۆیانەوە گرتوە و کۆنترۆڵی ناوچەکانی خۆیان دەکەن، بەهۆی گومانەکانیان
لەیەکتر و نەبونی متمانە ئەو هێزانەیان هێشتوەتەوە کە نەک خزمەت بە کورد ناکەن،
بەڵکو بونەتە بار بەسەر خەڵک و حکومەتەوە و لە ئەنجامی ناکۆکی خۆیان بەبێ
بەرگرییەکی ئەوتۆ، بەشێکی زۆری کوردستانیان ڕادەستی حەشدی شەعبی کردوە.
لەم بارودۆخەدا، گریان بەدیار تفەنگەکان و رابردوی شۆڕشی
چەکداری هیچ مانایەکی نییە. لەگەڵ پەرەسەندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی زیرەک،
سروشتی جەنگ و بەرەنگاربونەوەکان گۆڕاون. بۆیە، قۆناغی ئێستا پێویستی بە شێوازێکی
نوێی خەبات و بەرگری هەیە، کە لەسەر بنەمایەکی تەواو جیاواز دامەزرا بێت.
ڕاپەڕینی کوردانی ڕۆژهەڵات لە بەهاری ئەمساڵدا سەلماندی کە
مەرج نییە خەبات و بەرگری پێویستی بە چەک هەبێ. دیاردەی ساکاری وەک لەبەرکردنی
جلوبەرگی کوردی خاکی و لەملکردنی جامانە لە نەورۆز – پەیامێکی زۆر بەهێزی دابە گوێی دۆست و
دوژمندا، گوزارشیان لە یەکگرتویی ناسنامە و پتەوی ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانی
کردەوە. کوردان لەوێ تێگەیشتن کە پاراستنی کەلتور باشترین وەڵامە بۆ هەوڵەکانی
سڕینەوە و تواندنەوە.
لێرەوە، گرنگی دیدگایەکی نوێ بۆ بەرگری دەردەکەوێت، کە تەوەرە
سەرەکییەکەی ڕێکخستنی جەماوەر، و دروستکردنی هۆشیارییەکی نەتەوییە لەسەر بنەمای
پاراستنی میرات، زمان، مێژو و ناسنامە.
لە جیهانێکدا کە بەرەو جیهانگیری و تێکەڵی زۆرەملێ دەڕوات،
دەستگرتنەوە بە کولتوری کوردییەوە ئەگەر بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕێکخراو
وەبەرهێنانی تیدا بکرێت، دەتوانێ ببێتە چەک و ئامرازێکی کاریگەری بەرگری و خەبات.
داهاتوی کورد تەنها بە تفەنگ دابین ناکرێت، بەڵکو دەکرێ لە
رێگەی خۆڕێکخستن و بەرگری مەدەنی، و زیندوکردنەوەی کولتور، و بەهێزکردنی ناسنامە
بکرێت. ئەمەیە بەرگری نوێ، و ئەمەیە ئەو تێکۆشانە ڕاستەقینەیەی لە قۆناغی داهاتودا
چاوەڕێی گەلی کورد دەکات.
201 جار خوێندراوەتەوە