د. هێرش سەید
سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە
لە ئێستادا هیچ حاڵەتێکی داخڵبوونی هەوکردنی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانەکانی
سلێمانیدا نییە و دۆخەکە بەو شێوەیە بەربڵاو نییە کە لە شارەکانی ناوەڕاست و
باشووری عێراقدا هەیە.
جێگری
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ کەی ئێن ئێن، ئاشکرای کرد،
لە مانگی تشرینی دووەمدا تەنها سێ حاڵەتی هەوکردنی ڤایرۆسیی پەردەی مێشک لە
سنوورەکەدا تۆمار کراون؛ سەرجەمیان چارەسەریان وەرگرتووە، چاک بوونەتەوە و
گەڕاونەتەوە ماڵەوە بێ ئەوەی هیچ کێشەیەک دروست ببێت.
د. هێرش سەید
سەلیم ڕەخنەی لە شێوازی ڕووماڵکردنی بەشێک لە میدیاکان گرت کە دۆخەکە بە شێوەیەکی
ترسناک دەخەنە ڕوو و جەختی کردەوە، پێویستە بارودۆخەکە وەک خۆی بۆ هاووڵاتییان
بگوازرێتەوە. هەروەها دووپاتی کردەوە، نە لە ئێستادا و نە لە ساڵانی ڕابردوودا هیچ
حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکەوە لە سلێمانی تۆمار نەکراوە.
سەبارەت بە
جۆرەکانی نەخۆشییەکە، ئەو بەرپرسە تەندروستییە ڕوونی کردەوە، هەوکردنی پەردەی مێشک
دوو جۆری هەیە؛ جۆری ڤایرۆسی کە هەرە باو و بڵاوە و زیاتر لە ناو منداڵاندا
دەردەکەوێت، مەترسیی گیانلەدەستدانی زۆر کەمە مەگەر نەخۆشەکە نەخۆشییەکی دیکەی
هەبێت یان هاوکات تووشی هەوکردنی بەکتریایی ببێت، تەنانەت زۆربەی تووشبووان بێ
ئەوەی بزانن تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون چاک دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش
دا، جۆری دووەم بەکتریاییە (جەرسوومی) کە تەنها 8%ی کۆی حاڵەتەکانی هەوکردنی
پەردەی مێشک پێک دەهێنێت، بەڵام جۆرە مەترسیدارەکەی نەخۆشییەکەیە.
د. هێرش سەید
سەلیم نیشانە باوەکانی نەخۆشییەکەی بۆ دایکان و باوکان خستە ڕوو و وتی، ڕەنگە
پێشتر نیشانەیەکی کەمی پەتایی هەبێت یان ڕاستەوخۆ بە سەرئێشەیەکی توند، ڕەقبوونی
مل، هەستیاری بە ڕووناکی، دەنگ و ژاوەژاو و لەشداهێزران دەربکەوێت؛ لە حاڵەتە
قورستریشدا ڕەنگە منداڵەکە لە پەلوپۆ بکەوێت.
بەراورد بە
ساڵانی ڕابردوو، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بیری هێنایەوە کە لە
ساڵی 2022دا نەخۆشییەکە لە سلێمانی بەربڵاو بووە و ڕۆژانە زیاتر لە 30 حاڵەت تۆمار
دەکرا و ئەو کات دەرکەوت سەرچاوەکەی ئاو بووە لە ڕێگەی جۆرێک ڤایرۆسی تایبەتەوە،
بەڵام ئێستا حاڵەتەکان تەنها تاکوتەران و لە ئەگەری تۆمارکردنی هەر حاڵەتێکیشدا
ڕاستەوخۆ پشکنین و چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت.
220 جار خوێندراوەتەوە