وەزارەتی
پەروەردەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، نزیکەی 30 هەزار فرۆشگای قوتابخانە، گەشتە
قوتابخانەییەکان و کۆبوونەوەی بەخێوکارانی ڕاگرت، هاوکات وەزیری تەندروستی جەختی
کردەوە زیاتر لە 92%ی گومانلێکراوانی هەوکردنی پەردەی مێشک ئەنجامی پشکنینەکانیان
نەرێنی بووە و ناتوانرێت دۆخەکە بە پەتا ناوببرێت.
عەبدولحسێن
موسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،
کۆبوونەوەیان بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەی نیشتمانیی تەندروستیی یەکگرتوو و
تایبەتمەندانی نەخۆشییە گوازراوەکان ئەنجام داوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەو
قەیرانە تەندروستی-میدیاییەی وڵاتی گرتووەتەوە و گەیاندنی زانیاریی ورد بە شەقامی
عێراقی.
موسەوی ئاشکرای
کرد، ئەمساڵ 4 هەزار و 300 حاڵەتی گومانلێکراو بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک
تۆمار کراون و ژمارەی ساڵی ڕابردووش نزیک بووە لە ئەمساڵ، بەڵام ئەم گەورەکردنە
میدیاییەی لەگەڵ نەبووە. دووپاتیشی کردەوە ئەو ژمارانە تەنها گومانلێکراون نەک
تووشبوون، داواشی کرد ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاو نەکرێتەوە.
وەزیری
تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، دەرەنجامەکانی پارێزگای واست جێگەی نیگەرانین و چوار
هۆکار بۆ نەخۆشییەکە هەن کە بریتین لە بەکتریایی کە مەترسیدارترینیانە، ڤایرۆسی،
کەڕوویی و مشەخۆرەکان؛ بەڵام زیاتر لە 92%ی گومانلێکراوان پشکنینەکانیان نەرێنی
دەرچووە و تووشبوون تۆمار نەکراوە.
ڕوونیشی
کردەوە، پسپۆڕان لە سەرەتای ئەمساڵەوە 15 حاڵەتیان تۆمار کردووە کە دەرکەوتووە
هەوکردنی خوێن بوون نەک هەوکردنی پەردەی مێشک، جەختیشی کردەوە گواستنەوەی
نەخۆشییەکە لە ڕێگەی دەم و پیسایی نەخۆشەکەوە دەبێت نەک لە ڕێگەی هەواوە.
لە لایەکی
دیکەوە، عەبدولکەریم عەبتان جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق، لە کۆنگرە
ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا ڕاگرتنی نزیکەی 30 هەزار فرۆشگای قوتابخانەی وەک
ڕێکارێکی خۆپارێزی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەگەری گواستنەوەی پەتاکە لە ڕێگەی خۆراکەوە،
لەگەڵ هەڵپەساردنی سەرجەم گەشتە قوتابخانەییەکان و کۆبوونەوەکانی بەخێوکارانی
قوتابییان.
جبووری باسی
لەوە کرد، لیژنەیەکی وەزارییان بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی
پێک هێناوە بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکان و دڵنیابوونەوە لە ژمارە و زانیارییەکان لە
ڕێگەی داتا فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستییەوە. ئاماژەی بە هەماهەنگی لەگەڵ
سەرجەم پارێزگاکان و پێویستیی بەهێزکردنی هۆشیاری و ڕێنمایی کرد و جەختی کردەوە
دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە.
هاوکات لیژنەی
باڵای تەندروستی ڕایگەیاند، تووشبوون بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک تەنها لە
قوتابییانی قوتابخانەکاندا قەتیس نەبووە و زۆربەی تووشبووان تەمەنیان لە سەرووی 20
ساڵەوەیە.
178 جار خوێندراوەتەوە