دەسەڵاتی دادوەری: سڕینەوەی کۆمێنتی نەشیاو و بەکارهێنانی هەژماری ساختە لە سزای یاسایی ڕزگارتان ناکات

KNN : Kurdish News Network
12:12 - 29/11/2026
عێراق
+
-

دادوەرانی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەربەلا، ئەمڕۆ یەکشەممە، سنوورە یاساییەکانی نێوان ئازادیی ڕادەربڕین و تاوانەکانی ناوزڕاندن و سووکایەتیکردنیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیاری کرد و جەختیان کردەوە، سڕینەوەی کۆمێنتی نەشیاو یان بەکارهێنانی هەژماری ساختە، ئەنجامدەرەکە لە لێپرسینەوەی یاسایی نابەخشێت.

 

عەلی خوزەیر، جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەربەلا، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "ئەلقەزا"  ڕایگەیاند، کاتێک کۆمێنتێک لە دەربڕینی ڕا و هەڵوێستەوە دەگۆڕێت بۆ تۆمەتبارکردنی کەسێک بە ڕووداوێک کە زیان بە ناوبانگی بگەیەنێت، یان ئاراستەکردنی دەستەواژەی سووکایەتیپێکەر، یاسا سنووری جیاکەرەوە دادەنێت و مەرجەکانی لێپرسینەوە جێبەجێ دەبن.

 

خوزەیر ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە لەگەڵ ماددەی (38/ یەکەم)ی دەستووری عێراق کە ئازادیی ڕادەربڕینی بە هەموو شێوازەکان دەستەبەر کردووە، و ماددەکانی (433 و 434)ی یاسای سزادان تایبەت بە ناوزڕاندن و سووکایەتی دەگونجێت، بە جۆرێک هاوسەنگی لە نێوان ئازادیی ڕادەربڕین و پاراستنی ناوبانگی تاکەکاندا ڕادەگرێت.

 

جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە ڕوونی کردەوە، پێوەر لە بەرپرسیارێتیی یاساییدا ئەو مانایەیە کە کۆمێنتەکە هەڵیگرتووە نەک تەنها وشە ڕووکەشەکان، چونکە ڕەنگە سووکایەتی بە شێوەی پرسیار یان ئاماژەی تەنزئامێز بێت. هەروەها نووسینی کۆمێنت لە گرووپێکی داخراودا ڕێگر نییە لە دروستبوونی ئاشکرابوون، سەرەڕای ئەوەی ماددەی (435) سزای لەسەر ناوزڕاندن و سووکایەتی داناوە تەنانەت بێ ئاشکرابوونیش، ئەگەر ڕووبەڕووی زیانلێکەوتوو یان لە ڕێگەی تەلەفۆن و نامەگۆڕینەوەوە ئەنجام درابێت.

 

باسی لەوەش کرد، دادگا ڕەچاوی بارودۆخ و پاڵنەرەکانی بڵاوکردنەوە دەکات؛ بەپێی ماددەی (436/2)ی یاسای سزادان، ئەگەر ناوزڕاندن یان سووکایەتی لە کاتی تووڕەییدا و دوای دەستدرێژییەکی ستەمکارانەی مادی، زارەکی یان لە ڕێگەی پۆستێکی ئەلیکترۆنییەوە ڕوویدابێت، سزا نادرێت. هەروەها ماددەی (128/1) پاڵنەری شەرەفمەندانە یان ورووژاندنی مەترسیداری بە پاساوی سووککەری سزا داناوە و هەڵسەنگاندنی ئەوەش لە دەسەڵاتی دادگادایە.

 

سەبارەت بە سنووری ڕەخنەی ڕێگەپێدراو، خوزەیر وتی، یاسا بەپێی ماددەکانی (41، 433، 434) و ماددەی (226/ دووەم) تایبەت بە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتە گشتییەکان، ڕێگە بە ڕەخنەگرتن لە ئەدا و گفتوگۆکردن لەسەر ڕەفتارەکان دەدات، بەڵام زیانگەیاندن بە ناوبانگی ئەوانی دیکە قەدەغە دەکات. هاوکات بڕگەی دووەمی ماددەی (433) ڕێگەی بە سەلماندنی ڕاستیی تۆمەتەکان داوە ئەگەر ئاراستەی فەرمانبەرێک، ڕاسپێردراوێک بە خزمەتی گشتی یان خاوەن سیفەتی پەرلەمانی کرابن و پەیوەندییان بە کارەکەیەوە هەبێت، لە کاتی سەلماندنیشدا تاوانەکە نامێنێت.

 

هۆشداریشی دا کە دووبارە بڵاوکردنەوە یان هاوبەشکردنی (شێرکردنی) پۆستێکی نەشیاو، بەپێی ماددەی (83)ی یاسای سزادان بەرپرسیارێتیی یاسایی دروست دەکات و گواستنەوەی قسە لە بەرپرسیارێتی نابەخشێت، مەگەر لە بڵاوکراوەی فەرمیی حکومییەوە وەرگیرابێت؛ بەڵام بەرپرسیارێتییەکە خۆکار نییە و بەندە بە مەبەستی هاوبەشکردنەکەوە لە نێوان پشتگیریکردن، یان ئاگادارکردنەوە و ناڕەزایەتیدا.

 

لە لایەکی دیکەوە، عومەر تاریق، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەربەلا، جەختی کردەوە کە سڕینەوەی کۆمێنتی نەشیاو دوای بڵاوکردنەوەی تاوانەکە لاناچێت و کەسەکە لە بەرپرسیارێتی نابەخشێت، هەرچەندە دادگا دەتوانێت وەک بارودۆخێکی دادوەریی سووککەر هەژماری بکات بۆ ڕاستکردنەوەی کارەکەی و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی.

 

تاریق دووپاتی کردەوە، سەلماندنی خاوەندارێتیی هەژمارەکە بۆ تۆمەتبار مەرجە بۆ دروستبوونی بەرپرسیارێتی و تەنها وێنەی شاشە (سکرین شۆت) یان بانگەشەی پەتی بەس نییە، بەڵکو بەڵگە ئەلیکترۆنییەکە دەخرێتە ژێر پشکنینەوە. ڕوونیشی کردەوە، پەنابردن بۆ هەژماری ساختە و ناوی خوازراو ڕێگر نییە لە بەدواداچوون، چونکە دادگا نووسراو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ پشکنینی هونەری و دیاریکردنی بەکارهێنەری ڕاستەقینە.

 

دادوەر عومەر تاریق داوای لە هاووڵاتییان کرد وریا بن و نەکەونە دوای پۆستە نەشیاوەکان، چونکە ئەوەی لە چەند چرکەیەکدا دەنووسرێت، ڕەنگە تاوانێک پێک بهێنێت کە بەدواداچوونی یاسایی و سەپاندنی سزای بەدوادا بێت.

245 جار خوێندراوەتەوە