هاوکات لەگەڵ
دەستپێکردنی شەپۆلێکی بارانبارین و دابەزینی پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستاندا،
شارەزایەکی کەشناسی هۆشداری لە گەشەکردنی هەوری سوپەرسێڵ و مەترسیی دروستبوونەوەی
لافاوی گەورە لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و کەرکوک لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەوە
دەدات.
بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە پێشبینییەکانی 48 کاتژمێری
داهاتوودا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و کاریگەریی شەپۆلی
بارانبارین لە بەیانییەوە تا ئێوارە لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ دەست
پێ دەکات و پاشان ڕوو لە ناوچە جیاجیاکانی دیکە دەکات. لە سەنتەری پارێزگاکان
نمەباران و لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەند دەبارێت، لە دهۆک و زاخۆش
بارانەکە زیاتر دەبێت و تا درەنگانی شەو ناوبەناو چالاک دەبێت.
بەپێی
ڕاگەیەندراوەکە، ئەمڕۆ خێرایی با مامناوەند (10 بۆ 20 کم لە کاتژمێرێکدا) و بە
ئاراستەی گۆڕاو دەبێت، مەودای بینین 8 بۆ 10 کم و لە کاتی داباریندا 6 بۆ 8 کم
دەبێت. پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ 1 تا 3 پلە دادەبەزن و بەرزترین پلەکان
بەم شێوەیە پێشبینی دەکرێن: گەرمیان 22، هەڵەبجە و چەمچەماڵ 20، هەولێر 19،
سلێمانی و زاخۆ و ئاکرێ 18، پیرمام و دهۆک 17، حاجی ئۆمەران 11 پلەی سیلیزی.
بۆ سبەی
دووشەممە (30ی تشرینی دووەمی 2026)، کەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، ئاسمان
نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمەباران لە سەنتەری پارێزگاکان و بارانی
مامناوەندی پچڕپچڕ لە ناوچە شاخاوییەکان، بەڵام کاریگەریی بارانبارینەکە کەمێک
لاواز دەبێت. ئاراستەی با باکووری خۆرئاوا بە خێرایی 10 بۆ 20 کم لە کاتژمێرێکدا
دەبێت و مەودای بینین وەک ئەمڕۆ دەمێنێتەوە، هاوکات پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن
و بەرزترین پلەکان دەگەنە: گەرمیان 19، هەڵەبجە 18، هەولێر و چەمچەماڵ 17، سلێمانی
و زاخۆ و ئاکرێ 16، پیرمام و دهۆک 15، حاجی ئۆمەران 9 پلەی سیلیزی.
لای خۆیەوە،
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، هۆشداریی لە مەترسیی دروستبوونەوەی لافاوی گەورە دا
و ڕوونی کردەوە، سبەی دووشەممە نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست بە لاوازی بەردەوام
دەبێت و نمەبارانی پچڕپچڕ دەبارێت، پلەکانی گەرما 2 تا 3 پلە دادەبەزن و بای
باشووری ڕۆژهەڵات بە خێرایی 15 تا 35 کم لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت.
جەبار ئاشکرای
کرد، ڕۆژی سێشەممە (1ی کانوونی یەکەمی 2026) کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆکە لەگەڵ
هاتنی بەرەهەوایەکی شێدار لە باشوورەوە بە تەواوی دەگاتە ناوچەکە و دۆخێکی
ناسەقامگیر دروست دەکات، کە هەورەبروسکە و بارانی بەخوڕی لەگەڵ دەبێت.
ئەو شارەزایەی
کەشناسی هۆشداری دا لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکەی پێشووی هەولێر، بەتایبەت
لە ئێوارەی سێشەممەوە کە پێشبینی دەکرێت هەوری سوپەرسێڵ بەسەر ناوچەکانی سنووری
پارێزگاکانی کەرکوک و هەولێردا گەشە بکات. بە وتەی ئەو، ئەمە توندترین بەشی
شەپۆلەکە دەبێت و تەرزە، بارانی زۆر و لافاوی خێرای لێ دەکەوێتەوە کە لە ماوەیەکی
کورتدا مەترسی دروست دەکات؛ هەرچەندە دیاریکردنی تەواوی ناوچە سەرەکییەکە ئێستا
قورسە، بەڵام ئەگەرە بەهێزەکان بۆ کەرکوک و هەولێرن.
بەپێی
پێشبینییەکانی ئاراس جەبار، لە ئێوارەی سێشەممەوە تا پێش نیوەڕۆی چوارشەممە (2ی
کانوونی یەکەمی 2026) لە سەرجەم ناوچەکان بارانێکی زۆر و باش دەبارێت و لەسەر
لووتکەی چیا بەرزەکانیش بەفر دەبارێت. لە نیوەڕۆی چوارشەممەوە کاریگەریی شەپۆلەکە
لاواز دەبێت و بۆ ڕۆژانی دواتر بە شێوەی تاوەباران بەردەوام دەبێت، لەگەڵ دابەزینی
زیاتری پلەکانی گەرما، بەرزبوونەوەی شێ و دروستبوونی تەمی درێژمەودا.
سەبارەت بە بڕی
بارانی چاوەڕوانکراو لە 14 ڕۆژی داهاتوودا، جەبار پێشبینیی کرد لە ناوچە
شاخاوییەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم و ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین 200
تا زیاتر لە 300 ملم، لە سەنتەری سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە 70 تا زیاتر لە
100 ملم، و لە سەنتەری کەرکوک و گەرمیانیش 40 تا زیاتر لە 70 ملم باران ببارێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، شەپۆلی دووەمی ئەم سیستەمە کە بەفر و سەرمایە و تا ئێستا
ناجێگیرە، لە 10ی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و ئەگەری بەفربارین بۆ زۆربەی
ناوچە شاخاوییەکان هەیە.
180 جار خوێندراوەتەوە