راوێژکارێکی عەلی زەیدی: حکومەت پاشەکشێ ناکات لە کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان و داخستنی دەروازە نافەرمییەکان

KNN : Kurdish News Network
02:33 - 29/11/2026
عێراق
+
-

هادی سەلامی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەروازە سنوورییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە جەختی کردەوە، حکومەت بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، زیادکردنی داهاتەکان و سەپاندنی سەروەریی یاسا لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

 

سەلامی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران، هەوڵێکی زۆر بۆ جێبەجێکردنی یاسا و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان دەدات و داخستنی ژمارەیەک دەروازەی نافەرمی لە چوارچێوەی ڕێکارەکانە بۆ سنووردارکردنی قاچاخچێتی.

 

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد، تێڕوانینی سەرۆکوەزیران پشت بە بڕگەکانی دەستوور و یاسا بەرکارەکان دەبەستێت و ئامانجی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، بەهێزکردنی داهاتەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدایە، جەختیشی کردەوە پێویستە لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، پەنا بۆ دەستوور و یاسا ببرێت.

 

وتیشی، بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی دەستووردان و بڕیاری دادگای فیدراڵیش لەبارەی پابەندبوون بە چوارچێوە دەستووری و یاساییەکان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی ڕوونە.

 

سەلامی ڕوونی کردەوە، ئەسیکۆدا سیستەمێکی ئەلیکترۆنییە تایبەت بە خۆکارکردنی ڕێکارە گومرگییەکان و وەرچەرخانی دیجیتاڵی، کە یارمەتیدەرە لە ڕێکخستنی کار لە دەروازە سنوورییەکان، بەهێزکردنی شەفافییەت و پاراستنی سامانی گشتی، سەرەڕای ئاسانکاریکردن بۆ ڕێکارەکانی هاووڵاتییان و جووڵەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

 

لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە، داخستنی دەروازە نافەرمییەکان و جێبەجێکردنی یاسا هەنگاوێکن بە ئاراستەی دروست و پێویستە هەمووان ملکەچی سەروەریی یاسا بن.

85 جار خوێندراوەتەوە