بەپێی
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە هەر چوار
سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنی دوایین
پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوخۆی وڵات و گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
سەرچاوە
سیاسییەکە ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی جورف سەخر، هێشتنەوەی چەک تەنها لە
دەستی دەوڵەتدا و گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و هەولێر دەخرێنە بەرباس، کە
دوای بڕیارەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان
سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و پارێزگاکانی باکووری
عێراق سەریان هەڵداوە.
ئەم
کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە زەیدی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی
نەوتی فراوانتر کرد؛ پرۆسەکە لە جورف سەخرەوە دەستی پێ کرد و دواتر ناوچەکانی
کەرکوکی گرتەوە، ئەوەش دوای ئاشکرابوونی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر بەقاچاخبردنی
نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور.
سەرۆکوەزیرانی
عێراق زنجیرەیەک بڕیاری دەرکردووە، لەوانە: دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی و
کارگێڕی، ڕاسپاردنی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بۆ وەرگرتنی دەروازە سنوورییەکانی
هەرێمی کوردستان، سنووردارکردنی مۆڵەتی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمەکانی تەنها لە
دەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیدا، هەروەها بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگانەی سەر بە
وەزارەتەکەن و لە ڕووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمدان لە پارێزگاکانی کەرکوک،
نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە.
ئەم بڕیارانە
کاردانەوەی ناڕازیانەی لە هەرێمی کوردستان لێکەوتووەتەوە و سەرکردایەتیی سیاسیی
هەرێم ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکان پێچەوانەی لێکتێگەیشتنەکانی پێشووی نێوان هەولێر
و بەغدان، داواش دەکەن پەنا بۆ دەستوور ببرێت و ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ چارەسەر
بکرێن.
لە لایەکی
دیکەوە، هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و
پەنابردن بۆ دادگای باڵای فیدراڵی کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان.
هاوکات حکومەتی
عێراق بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە جەختی لە سەربەخۆیی بڕیار و ڕێکارەکانی لەناو
سنووری وڵاتدا کردەوە و ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک لەژێر کاریگەری یان فەرمانی
دەرەکیدا ناجووڵێتەوە.
دەسەڵاتی
دادوەری عێراقیش وێڕای جەختکردنەوە لەوەی کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی یەکگرتوو و
سەربەخۆیە و سیستمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری، پەرلەمانی و دیموکراسییە، ئاماژەی
بەوەکرد، تاکە گەرەنتی بۆ ئەم سیستمە حوکمەکانی دەستووری ساڵی 2005ـە و تەنها
دادگای باڵای فیدراڵی تایبەتمەندە بە لێکدانەوەی دەقەکانی، هەربۆیە داوای لە هەرێم
و بەغدا کرد پابەندی دەقەکانی دەستور بن.
88 جار خوێندراوەتەوە