لە شەش ساڵدا داهاتی گومرگیی هەرێم 9.5 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە و دهۆک زۆرترین پشکی هەیە

KNN : Kurdish News Network
01:43 - 19/11/2026
ئابوری
+
-

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش ساڵدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێم گەیشتووەتە 227 تریلیۆن دینار و دهۆک زۆرترین پشکی داهاتی گومرگی هەبووە؛ هاوکات جەختی لە پەرەپێدانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا بۆ ئاسانکاریی بازرگانی کردەوە.

 

شوکری جەمیل نووری ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی ڕاگەیاند، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم، لە نێوان ساڵانی 2019 تا 2025 داهاتی گومرگیی دەروازەکانی هەرێم 9.5 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە و پارێزگای دهۆک بە نزیکەی پێنج تریلیۆن دینار گەورەترین پشکی هەبووە.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، جووڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێم لە ساڵی 2024ـدا گەیشتە بەرزترین ئاست بە نزیکەی 41.2 تریلیۆن دینار، بەڵام لە ساڵی 2025ـدا بۆ نزیکەی 25.85 تریلیۆن دینار دابەزیوە.

 

سەبارەت بە بازرگانیی عێراق و تورکیا، نووری وتی: "بەپێی لێدوانی تەممووزی ڕابردووی عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوو وڵات نزیکەی 17 ملیار دۆلار بووە و ئاراستەیەک هەیە بۆ بەرزکردنەوەی بۆ 30 ملیار دۆلار."

 

سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک هەڵکەوتەی ئیبراهیم خەلیلی وەک ڕێڕەوێکی زیندوو بۆ بارهەڵگرەکانی تورکیا بەرەو بازاڕەکانی عێراق و ئەورووپا وەسف کرد، بەڵام ڕوونیکردەوە تا ئێستا سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێم نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

وتیشی، دۆسیەی جێبەجێکردنی سیستەمەکە هێشتا لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمدا جێگەی گفتوگۆیە و یەکلاکردنەوەی پشکی هەرێم لە بودجە و میکانیزمی دابەشکردنی داهاتە گومرگییەکان، دوایین بەربەستن لە بەردەم تەواوکردنیدا.

 

نووری دووپاتی کردەوە، ژوورەکەیان بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانیی بەغدا و حکوومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی گواستنەوەی کاڵا، هاوکات هەوڵەکان بەرەو یەکخستن و بەئەلیکترۆنیکردنی ڕێکارە گومرگییەکانن تا شەفافیەت زیاد بکات، ڕۆتین کەم ببێتەوە و جووڵەی بازرگانی خێراتر بکرێت.

175 جار خوێندراوەتەوە