وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەنگۆی بەتاڵبوونەوەی کۆگاکانی خۆراک رەتدەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
01:35 - 22/11/2026
ئابوری
+
-

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە بەتاڵبوونەوەی کۆگاکانی وەزارەتەکە و مانەوەی خۆراک تەنیا بۆ ماوەی مانگێک دەکەن، هاوکات داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد زانیارییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی خۆراک تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن.

 

محەمەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە (22ی تشرینی دووەم) ڕایگەیاند، هەموو ئەو قسە و دەنگۆیانە ڕەت دەکەنەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەبارەی بەتاڵبوونەوەی ژمارەیەک لە کۆگاکانی وەزارەت و کەمیی بڕی خۆراک بۆ تەنیا مانگێک بڵاو کراونەتەوە.

 

حەنوون جەختی کردەوە، هەموو ئەو دەنگۆیانەی لەسەر بەتاڵبوونەوەی کۆگاکان یان خەمڵاندنی ماوەی دابینکردنی خۆراک دەکرێن، لە ڕاستییەوە دوورن و زانیاریی نادروست و بێبنەمان کە هەندێک کەس پەنایان بۆ دەبەن.

 

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد، پێش بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەکی پەیوەندیدار بە ئاسایشی خۆراکەوە لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانی وەزارەتەوە دڵنیا ببنەوە، بەو پێیەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست کاریگەریی دەبێت.

126 جار خوێندراوەتەوە