پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و ئەگەری بارانبارین هەیە

KNN : Kurdish News Network
10:02 - 15/11/2026
عێراق
+
-

دەستەی کەشناسیی عێراق، پێشبینییەکانی ڕەوشی کەشوهەوا و پلەکانی گەرمای بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو ڕاگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان پلەکانی گەرما گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و ئەگەری نمەباران لە هەندێک ناوچە هەیە.


بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەکە؛ سبەینێ دووشەممە، ئاسمان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور ساماڵ دەبێت، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش پەڵەهەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمەباران لەو ناوچەیە لە کاتەکانی ئێوارەدا، هاوکات پلەکانی گەرما لە سەرانسەری عێراق کەمێک بەرز دەبنەوە.


سەبارەت بە بەرزترین پلەکانی گەرمای سبەینێ، لە دهۆک 19، سلێمانی 20، هەولێر 21، کەرکووک و نەینەوا 22 پلە دەبێت. لە پارێزگاکانی تری عێراقیش گەرما لە نێوان 25 بۆ 28 پلەدا دەبێت و بەسڕە، موسەننا، زیقار و دیوانییە بە 28 پلە گەرمترین ناوچە دەبن.


کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە؛ ڕۆژانی سێشەممە و پێنجشەممە کەشوهەوا جێگیر دەبێت و گۆڕانکاریی ئەوتۆ لە پلەکانی گەرمادا ڕوونادات، بەڵام ڕۆژی چوارشەممە ئەگەری نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و پلەکانی گەرماش لە سەنتەری باکوور و ناوەڕاست کەمێک نزم دەبنەوە.

26 جار خوێندراوەتەوە