پاکستان: هەوڵەکانمان بۆ دەستپێکردنی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا چڕکردووەتەوە

KNN : Kurdish News Network
01:14 - 10/11/2026
جیهان
+
-

ئیسحاق دار، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند، ئەو لێکتێگەیشتنەی لە ئیسلام ئاباد لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا واژۆ کراوە، بنەمایەکە بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات. جەختیشیکردەوە، وڵاتەکەی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانی کار دەکات بۆ بەردەوامبوونی کەناڵەکانی دیالۆگ و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان.

 

لە میانی وتارێکیدا لە کۆڕبەندی (دیالۆگی مارگالا 2026)، دار ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دانوستانانەی مانگی نیسانی ڕابردوو لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوون، گوزارشت لە ڕێبازی پاکستان دەکەن کە لەسەر بنەمای دیپلۆماسییەت و گفتوگۆ دامەزراوە.

 

وەزیری دەرەوەی پاکستان ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە و لەگەڵ وڵاتانی چین، قەتەر، سعودیە، تورکیا و میسر هەماهەنگیی دەکات. هەروەها ڕاوێژ لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپیش کراوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دار هۆشداریی دا لەوەی گرژییەکانی ناوچەی کەنداو و دەریای سوور کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بازرگانیی جیهانی، دابینکردنی وزە و ئابووریی نێودەوڵەتی هەیە. بەبێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دیاری بکات، دووپاتیکردەوە کە پاکستان لە هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەردەوام دەبێت.

147 جار خوێندراوەتەوە