سەرەتای ساڵی داهاتوو تورکیا سەربازگەی زێلکان رادەستی عێراق دەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
01:51 - 10/11/2026
عێراق
+
-

 حکومەتی عێراق ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنەوەی سەربازگەی باشیک (زێلکان) لە هێزەکانی تورکیا تەواو دەکات، بڕیاریشە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە پرۆسەی ڕادەستکردنە مەیدانییەکە دەست پێبکات. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە لێکتێگەیشتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە بۆ گواستنەوەی بەڕێوەبردنی تەواوەتیی سەربازگەکە بۆ سوپای عێراق.

 

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، دۆسیەی سەربازگەکە لەسەر ئاستی فەنی و ئەمنی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەردەوامە و دواین خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە دادەڕێژرێن. ئامانجیش تەنها دیاریکردنی کات نییە، بەڵکو گواستنەوەی دەسەڵاتی سەربازگەکەیە بۆ هێزە عێراقییەکان بەشێوەیەکی جێگیر و سەلامەت.

 

سەبارەت بە دۆخی شنگال، وتەبێژەکەی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت بە هەنگاوی مەیدانی کار بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت دەکات و ڕێگە بە مانەوەی چەک نادات لە دەرەوەی دەوڵەتدا. جەختیشیکردەوە، لە ڕێگەی لیژنەی هاوبەشەوە کۆتایی بە بوونی هەر گروپێک دەهێنرێت کە لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە فەرمییەکاندا بێت.

 

لەلایەکی دیکەوە، خالید سەیدۆ، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ڕادەستکردنەوەی سەربازگەی باشیک بە حکومەتی فیدراڵی، سەربەخۆیی بڕیاری ئەمنیی عێراق بەهێزتر دەکات. ڕوونیشیکردەوە، سەقامگیریی شنگال تەنها بە هەنگاوی ئەمنی بەدینایەت، بەڵکو پێویستی بە چارەسەری ئیداری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری هەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.

55 جار خوێندراوەتەوە