عێراق دەروازەی شیب دەکاتەوە و مەندەلی بەڕووی ئێراندا دادەخات

KNN : Kurdish News Network
09:02 - 10/11/2026
عێراق
+
-

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بڕیاریدا دەروازەی سنووریی شیب لە پارێزگای میسان لەگەڵ ئێران بکاتەوە، لە بەرامبەریشدا دەروازەی مەندەلی لە پارێزگای دیالە بەشێوەیەکی کاتی دادەخرێت.
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەکە ڕایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە دەروازەی شیب دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە. هاوکات بڕیاردراوە لە ڕۆژی هەینی داهاتووەوە (13ی ئەم مانگە)، دەروازەی مەندەلی بە مەبەستی تەواوکردنی پێداویستییە هونەرییەکان بە کاتی دابخرێت.

 

ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە فەرمی داوای لە بەغدا کردووە سەرجەم دەروازەکانی لەگەڵ ئێران دابخات، جگە لە دوو دەروازە کە یەکێکیان لە هەرێمی کوردستانە. ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە فشارە ئابوورییەکانی واشنتۆن بۆ سەر تاران هەژمار دەکرێت.

کردنەوەی دەروازەی شیب دوای نزیکەی سێ هەفتە لە داخستنی دێت، کە پێشتر ناڕەزایەتیی شۆفێرانی بارهەڵگر و بازرگانانی لێکەوتەوە و هۆشداری درا لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا. هەردوو دەروازەکە ڕۆڵێکی ستراتیژییان لە هاتوچۆی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێراندا هەیە.

134 جار خوێندراوەتەوە