فایەق زێدان،
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی
ئەمریکا، لە شاری لەندەن کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر ئاییندەی پەیوەندییەکانی
نێوان واشنتۆن و بەغدا کرد.
نێردەی تایبەتی
ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردووەتەوە، دیداری لەگەڵ شاندی عێراقی
بە سەرۆکایەتیی فایەق زێدان ئاڵوگۆڕێکی گرنگی بیروڕا بووە سەبارەت بە داهاتووی
پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، بەتایبەت لەم قۆناغە مێژووییەی کە ئەمریکا، عێراق و
ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕن. ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەرفەتێک هەیە بۆ بەهێزکردنی
بنەماکانی هاوبەشی و داڕشتنی ڕێڕەوێکی گەورەتر بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.
باراک
ڕوونیکردووەتەوە، گفتوگۆکان تەوەرەکانی هاوکاریی دادوەری، سەروەریی یاسا، وزە،
وەبەرهێنان، گەشەپێدانی ئابووری، ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی گرتووەتەوە.
جەختیشیکردووەتەوە کە دروستکردنی دامەزراوەی دادوەریی بەهێز و سەربەخۆ، پایەی
سەرەکییە بۆ دروستکردنی متمانە و چەسپاندنی سەروەریی یاسا.
لەکۆتاییشدا
نێردە ئەمریکییەکە دووپاتیکردووەتەوە، واشنتۆن دەیەوێت لەگەڵ عێراق بەردەوام بێت
لە کارکردن بۆ سوودوەرگرتن لە توانا ئابوورییەکانی عێراق و بنیاتنانی داهاتوویەک
کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ئاشتییەکی بەردەوام وەستابێت.
161 جار خوێندراوەتەوە