وەستانی
بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، ڕۆژانە زیاتر لە 4.15 ملیۆن دۆلار زیانی
دارایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە تەنها پێکهاتووە لە زیانەکانی وەستانی غازی
سروشتی، غازی ماڵان و کۆندێنسەیت.
بەپێی ئامارێکی
روانگەی "ئیکۆ عێراق"ی ئابووری، پێش هێرشەکە ڕۆژانە 700 ملیۆن پێ سێجا
غازی سروشتی بەرهەم دەهێندرا کە بەهاکەی 2.31 ملیۆن دۆلارە. هاوکات ڕۆژانە 1400
تۆن غازی شل (غازی ماڵان) بە بەهای زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار و 22 هەزار بەرمیل
کۆندێنسەیت بە بەهای 836 هەزار دۆلار بەرهەم دەهێندرا.
ئەو ئامارانە
تەنها خەمڵاندنی زیانە ڕاستەوخۆکانن و تێچووی وەستانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان،
کرێی هێڵەکانی گواستنەوە و کەمبوونەوەی پێدانی غاز بە وێستگەکانی کارەبا ناگرنەوە.
وەزارەتی کارەبای هەرێمیش ئاشکرای کردووە، بەهۆی وەستانی غازی کێڵگەکەوە،
بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 2500 بۆ 2800 مێگاوات کەمیکردووە.
کێڵگەی کۆرمۆر
کە لەلایەن کۆمپانیای پێرڵ پیترۆڵیۆم (دانە غاز و نەوتی هیلال)ەوە بەڕێوەدەبرێت،
لە ماوەی ساڵانی 2025 و 2026دا 12 جار ڕووبەڕووی هێرش و بۆردومان بووەتەوە، کە
دواترینیان شەوی یەکشەممەی ڕابردوو بوو لە ڕێگەی درۆنەوە و بەهۆیەوە پرۆسەی
بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی غاز بەتەواوی وەستا.
43 جار خوێندراوەتەوە