عێراق لەم
دواییانەدا نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە بە
داشکاندنی گەورە فرۆشتووە، کە لە نێوان 25 بۆ 28 دۆلاردایە بۆ هەر بەرمیلێک. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی تێچووی
گواستنەوە، دڵنیایی و مەترسییەکانی سەر گەشتی دەریایی لە گەرووی هورمز بەهۆی جەنگی
ئێرانەوە.
زۆربەی ئەو بڕە
نەوتە لەلایەن کۆمپانیا هیندییەکانەوە کڕدراوە. سەرەڕای
ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتووەتە نزیکەی 117 دۆلار، بەڵام
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای سۆمۆ ئاشکرای کردووە کە لەم دواییانەدا نەیانتوانیوە نەوت
بە زیاتر لە 85 دۆلار بفرۆشن، لە کاتێکدا پێشتر داشکاندنەکان گەیشتبوونە 32
دۆلاریش.
سەلیم ڕکابی،
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی فرۆشتن بەردەوامە و ئەو
داشکاندنانەش بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی کۆمپانیا کڕیارەکانە. عێراق ڕۆژانە 2.3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و 3 ملیۆن بەرمیلی بە گەرووی هورمزدا
تێدەپەڕێت، بەڵام وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت ئامادە نەبوو بڕی داشکاندنەکەی (28)
دۆلار پشتڕاست بکاتەوە.
نەبوونی کەشتیی
گواستنەوەی نەوت هۆکارێکی دیکەی ئەم قەیرانەیە، چونکە عێراق تەنیا چوار کەشتیی
هەیە. بۆ چارەسەری ئەمە، وەزارەتی نەوت
پلانی کڕینی 10 کەشتیی زەبەلاحی بە بڕی دوو ملیار دۆلار هەیە کە هەر یەکەیان جێگەی
دوو ملیۆن بەرمیل نەوت دەبێتەوە، بەڵام پێناچێت هەنگاوە فەرمییەکان تاوەکوو
سەرەتای ساڵی 2027 دەست پێبکەن.
160 جار خوێندراوەتەوە