هاتووچۆی هەرێم لەبارەی چارەنووسی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و سەرپێچییەکان روونکردنەوە دەدات

KNN : Kurdish News Network
11:14 - 25/10/2026
کوردستان
+
-

شاهین فوئاد- هەولێر

 

وتەبێژی هاتووچۆی هەرێم باس لەوەدەکات پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی ساڵانە و مۆڵەتی شۆفێری دەستی پێکردووە، و سەرپێچییەکان و ڕووداوەکانی هاتووچۆش بەهۆی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵەوە کەمیان کردووە، جەختیش دەکاتەوە کە تابلۆ بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا نادرێت.

 

سۆران سادق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەرێم بە کەی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، سەبارەت بە تۆمارکردنی سەرپێچیی شۆفێران لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵیدا، تاکو ئێستا ئیمزا لەسەر ڕەشنووسی کۆتایی نەکراوە و پرۆسەکە تەنها لە قۆناغی ئامادەکاریدایە، ئەوەشیخستەڕوو: مۆڵەتی شۆفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێل دەکرێتە دیجیتاڵی و کارتی پلاستیکیی هاوشێوەی سیستەمی ئەڵمانی.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی توندوتۆڵکردنی ڕێکارەکان و دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، سەرپێچییەکان بە ڕێژەی 75٪ کەم بوونەتەوە. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژەی مردن و برینداربوون بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەم بکات، سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانی هەرێم.

 

لەبارەی قەرەباڵغییەکانی هاتووچۆی هەولێر، وتی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی پایتەخت، مامەڵەی زۆری ڕۆژانە و کۆبوونەوەی بەیانیان زووی هاووڵاتییان.  هاوکات، هاووڵاتییانی عەرەب بەهۆی ئاسانکارییەکانەوە زیاتر تابلۆی هەولێر هەڵدەبژێرن.

 

 لەلایەکی دیکەوە، جەختی کردەوە کە تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە تابلۆیان پێ دەدرێت کە بە فەرمی لە سنوورەکانەوە هاتوونەتە ناوەوە و بەهیچ شێوەیەک تابلۆ نادرێتە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا.

177 جار خوێندراوەتەوە