ریزبەندی پێشکەوتنی مرۆیی بۆ ساڵی 2026 بڵاوکرایەوە؛ عێراق لە پلەی 125ـەمینە

KNN : Kurdish News Network
01:06 - 01/10/2026
جیهان
+
-

عێراق لە پلەی 125ـەمی جیهانیدا دێت لەسەر ئاستی پێوەری پێشکەوتنی مرۆیی بۆ ساڵی 2026 کە لەلایەن گۆڤاری (CEOWORLD)ی ئەمەریکییەوە بڵاوکراوەتەوە. لە کۆی 196 وڵات کە لە ڕیزبەندییەکەدا هاتوون، عێراق بە کۆکردنەوەی 70.58خاڵ لە ئاستی "مامناوەند"دایە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکەی گۆڤارە ئەمەریکییەکە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، ئیمارات لە پلەی یەکەم و 31ـەمی جیهانیدایە، دواتر قەتەر لە پلەی 47، بەحرەین 54، سعودیە 60، کوێت 64 و عومان لە پلەی 71ـەم دێن. هەروەها وڵاتانی لیبیا، جەزائیر، ئوردن، لوبنان، تونس، میسر و مەغریب لە ڕیزبەندییەکەدا پێش عێراق کەوتوون، لە کاتێکدا بەدوای عێراقدا وڵاتانی سوریا، سودان و یەمەن دێن.

 

پێوەری پێشکەوتنی مرۆیی، هەڵسەنگاندن بۆ کوالێتیی ژیان دەکات لە ڕێگەی 23 پێوەرەوە کە دابەشکراون بەسەر سێ ڕەهەندی سەرەکیدا، ئەوانیش (سەقامگیری، ڕەزامەندی و هاوسەنگی)ین و هەر یەکێکیان سێیەکی کێشی گشتیی پێوەرەکە پێکدەهێنن. پێوەرەکانی سەقامگیری بریتین لە گەشەی ئابووری، باج، تێکڕای تەمەن، قازانج، ئاسایشی کار، بارودۆخی نیشتەجێبوون و داهاتی خێزان. هەروەها ڕەزامەندی پشت دەبەستێت بە ئاسایش، دڵخۆشی، کوالێتیی حوکمڕانی، تێڕوانین بۆ گەندەڵی، ژێرخان و کارایی سیستەمی تەندروستی و پەروەردە. لە کاتێکدا ڕەهەندی هاوسەنگی پشت بە مافەکانی مرۆڤ، ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان، یەکسانیی جێندەری و ژینگە دەبەستێت.

 

لەسەر ئاستی جیهانیش، سەنگافورە پێشەنگی ڕیزبەندییەکەی بۆ ساڵی 2026 گرتووە، بەدوایدا سویسرا، دانیمارک، نەرویج و ئێرلەندا دێن. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نۆ وڵاتی ئەوروپی لە ڕیزبەندیی دە وڵاتی یەکەمدان و سەنگافورە تاکە وڵاتی ئاسیاییە لەو لیستەدا.

173 جار خوێندراوەتەوە