مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: پابەندی هیچ وادەیەکی حکومەت نابین بۆ ڕادەستکردنی چەکمان

KNN : Kurdish News Network
05:36 - 30/09/2026
عێراق
+
-

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، پابەند نین بە هیچ وادە و ڕێککەوتنێکەوە کە لایەنە حکومی و سیاسییەکان باسی لێوە دەکەن، جەختیش دەکاتەوە کە چەکەکانیان بەدەست خۆیانەوە دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ بەتەواوی لە عێراق دەکشێنەوە و سەروەریی وڵات مسۆگەر دەکرێت.

 

لە بەیاننامەیەکدا مقاوەمەی ئیسلامی ئاشکرایکرد، ماوەی 40 ڕۆژە لە ڕێگەی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە لەگەڵ حکومەت لە دانوستاندان بۆ ڕێکخستنی چەکەکانیان. ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی ڕێککەوتنەکە لەلایەن لیژنەی چوارقۆڵی و گروپە چەکدارەکانەوە واژۆ کراوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی حکومەتیان بەدەست نەگەیشتووە و پرسەکەش پەیوەستە بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە وڵاتدا.

 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، چەکی مقاوەمە بەدەست جەنگاوەرەکانیانەوە دەمێنێتەوە و ئاڕاستەی هەر لایەنێک دەکرێت کە هەڕەشە لە عێراق و گەلەکەی بکات. هەروەها دووپاتیکردەوە کە مافی وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆیان هەیە بۆ هەر پێشێلکارییەکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی بۆ سەر سەروەریی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگایان کراوەیە بۆ هەر گفتوگۆیەک کە سەروەریی وڵاتەکە بپارێزێت.

68 جار خوێندراوەتەوە