ڕێڕەوی
پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی (2027) پێی نایە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە،
ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی پەسەندی کرد و ئاڕاستەی ئەنجومەنی
وەزیرانی کرد. ئەم هەنگاوە گوزارشتە لە خواستی جدیی دەزگای جێبەجێکردن بۆ
ڕێگریکردن لە هەر قەیرانێکی دواکەوتن کە پێدەچێت ڕووبدات، هەروەها بەدوورگرتنی
پرۆسەی دارایی دەوڵەت لە ململانێ سیاسییەکان.
لەم
چوارچێوەیەدا، عەبدولزەهرە هنداوی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی
ئەنجومەنی وەزیران، لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەی (سەباح)ی ڕاگەیاند، سەرکەوتنی
حکومەت لە تەواوکردنی یاسای بودجەی گشتی لەم کاتە زووەدا، جەخت لەسەر پەرۆشیی
نەگۆڕی دەکاتەوە بۆ پابەندبوون بەو وادە دەستووری و یاساییانەی کە بۆ پێشکەشکردنی
دیاریکراون. هنداوی ڕوونیشیکردەوە، ئەم بودجەیە گرنگییەکی ئاستەنگبڕ و تایبەت
وەردەگرێت، چونکە لە ڕووی پێکهاتەییەوە جیاوازە و لە بەشێکیدا پشتی بە سیستەمی
"بەرنامە و ئەنجام" بەستووە لەبری پشتبەستنی نەریتی بە "بڕگەکان".
بەڕێوەبەری
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم گۆڕانکارییە میتۆدییە
کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە چاکسازییکردنی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی، هەمەچەشنکردنی
ئابووری، و کەمکردنەوەی وردە وردەی پشتبەستن بە خەرجییە نەوتییەکان، سەرباری
بوژاندنەوەی داهاتە نانەوتییەکان هاوکات لەگەڵ ئاراستەی جدیی بەرەو
بەئەلیکترۆنیکردنی تەواوەتیی سیستەمی دارایی.
وتیشی:
"بودجەی بەرنامە و ئەنجام، ئامانجی باشترکردنی داتاکانی خەرجییەکان،
دیاریکردنی پێوەرەکانی ئەنجامێکی واقیعی، و بەستنەوەی بودجەی ساڵانەیە بە
ئامانجەکانی پلانەکانی گەشەپێدانەوە". جەختیشیکردەوە، ئەم گۆڕانکارییە بە
واتای هەڵوەشاندنەوەی چاودێری لەسەر بڕگەکان نایەت، بەڵکو ئاڕاستەکردنەوەیەتی لە
چوارچێوەیەکی گشتگیرتردا؛ بڕگە گرنگ دەمێنێتەوە بۆ چاودێریی دارایی، بەڵام بەرنامە
و ئەنجامەکە پێوەری سەرەکین بۆ بڕیاردان لەسەر کارایی خەرجیی گشتی.
ئەم هەنگاوە
وەک بەرهەمی کۆبوونەوە بەردەوامەکانی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجە بە سەرپەرشتی
فالح ساری، وەزیری دارایی دێت، کە میوانداریکردنی نوێنەرانی وەزارەتەکان، هەرێمی
کوردستان، و پارێزگاکانی لەخۆگرتبوو، سەرباری ڕاوێژکردن بە شارەزایانی دارایی
ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری دارایی جەختی لەوە کردەوە کە
وەزارەتەکەی لە کاتی دیاریکراودا پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و ڕوونیکردەوە،
ئامادەکردنی بودجە جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی سیستەمی "بودجەی بەرنامە و
ئەنجام" لە کەرتی کارەبا و هەردوو پارێزگای دیوانییە و سەلاحەدین لەخۆدەگرێت.
ئەمەش بە مەبەستی بەهێزکردنی بەستنەوەی تەرخانکراوە داراییەکان بە ئامانجەکان و
پێوانەکردنی کاریگەریی خەرجییەکان، وەک ئامادەکارییەک بۆ فراوانکردنی جێبەجێکردنی
لە سەرجەم دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتدا، بە ڕەچاوکردنی لەپێشینەکانی بەرنامەی
حکومی، گۆڕانکارییە ئابوورییەکان، و پێداویستییەکانی چینە گرنگەکانی کۆمەڵگا لە
سنووری تواناکانی لەبەردەستدان.
665 جار خوێندراوەتەوە