جێگری سەرۆکی
حکومەتی هەرێمی کوردستان، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و گەڕانەوەی سەروەریی
تەواو بۆ عێراق بە "ساتەوەختێکی مێژوویی" ناو دەبات و ڕایدەگەیەنێت،
هێزی پێشمەرگە لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان و سەروماڵی
هاوڵاتییان لە هەر هەڕەشە و مەترسییەک.
قوباد
تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی
کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، سوپاس و
پێزانینی بۆ ئەو هێزانە دەربڕی کە لە شەڕی دژ بە تیرۆردا هاوکاریی پێشمەرگە و
سوپای عێراقیان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، گەلەکەمان هاوکارییەکانی هاوپەیمانان
لە سێ قۆناغی چارەنووسسازدا لەبیر ناکات، کە بریتین لە ڕاگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین
لە ساڵی 1991، ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، و شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش
لە دوای ساڵی 2014.
تاڵەبانی جەختی
لەوە کردەوە کە لەم قۆناغەدا بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی حکومەتی
فیدراڵی، حکومەتی هەرێم و سەرجەم هێزە سیاسییەکان بۆ سەلماندنی توانای پاراستنی
ئاسایش و سەروەریی وڵات بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ڕوونیشیکردەوە کە ئەم ئەرکە بەبێ
پێکەوەکارکردن و جێبەجێکردنی تەواوەتیی دەستوور بەدی نایەت.
لە بەشێکی
دیکەی پەیامەکەیدا، جێگری سەرۆکی حکومەت داوای لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان کرد
بە یەکڕیزی کار بکەن بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە شەرعییەکان و هەنگاونان بەرەو
حکومڕانییەکی باشتر و دادپەروەرتر، چونکە دەستکەوتەکان تەنها بە متمانەی
هاوڵاتییان دەپارێزرێن. لە کۆتاییدا دڵنیایی بە هاوڵاتییان دا کە هەماهەنگییەکی
زۆرباش لەنێوان هەولێر و بەغداد هەیە و هێزی پێشمەرگەش بەتەواوی ئامادەیە بۆ
بەرگریکردن لە خاکی کوردستان بە گیانفیدایی.
65 جار خوێندراوەتەوە