ئەندامێکی ئەنجومەنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت کە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ سەقامگیریی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان دڵنیایش دەدات هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووی لۆجستی، چەک، و مەشقەوە بە تەواوی ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەکی تیرۆریستیی وەک داعش.
شاخەوان ڕەئوف بەگ کە ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانە و سەرۆکی پێشووی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بووە ڕایگەیاند، ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان چەک و هاوکاریی پێویستیان پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و مەشقیان پێ کردوون. ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمریکا بە تەواوی عێراق جێناهێڵێت؛ بەڵکو هێزەکانیان لە وڵاتانی نزیکی وەک ئوردن دەمێننەوە و لە کاتی سەرهەڵدانەوەی داعش یان هەر گرژییەکدا دەتوانن بە خێرایی دەستوەردان بکەن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە توانای پێشمەرگە بۆ پاراستنی هەرێم، ئەو شاخەوان ڕەئوف بەگ ، ڕوونیکردەوە کە بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەکانیان، هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا ڕێکخراون و ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن. جەختیشی کردەوە، هەرچەندە هێشتا بەشێک لە هێزەکان بەناوی حەفتا و هەشتا لە هەولێر و سلێمانی ماون، بەڵام پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانیی تۆکمەیە و توانای تەواوی هەیە بۆ تێکشکاندنی هەر هەوڵێکی پەلاماردانی هەرێمی کوردستان. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەرکی پاراستنی سنوورەکان و خاکی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش، چونکە هەرێم بەشێکە لە عێراق.
92 جار خوێندراوەتەوە