عەلی زەیدی: سەروەریی نیشتمانی بەتەواوی بەدەست هاتووە

KNN : Kurdish News Network
05:11 - 30/09/2026
عێراق
+
-

سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری ئەمنی و سەربازی بووەتە بڕیارێکی نیشتمانی و بەتەواوی تایبەتە بە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت، جەختیش دەکاتەوە کە لە قۆناغی دوای کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەروەریی نیشتمانی بەتەواوی بەدەست هاتووە.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سوباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی ئەرکە سەربازی و ئەمنییەکانی هێزە چەکدارەکان لە قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەروەها خستنەڕووی ئەو پلان و ڕێکارانەی بۆ بەهێزکردنی توانای دامەزراوە سەربازییەکان و چەسپاندنی سەروەریی یاسا پێویستن.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، زەیدی پێداگریی لەسەر هۆشیاری و ئامادەیی هەمیشەیی، بەرزکردنەوەی هەماهەنگیی نێوان سەرجەم هێز و دەزگا ئەمنییەکان، و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات کردەوە. هاوکات، فەرمانی کرد بە چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی سەرچاوەکانی ئەو گوتارە توندڕەو و تائیفییانەی کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەخەنە مەترسییەوە و ئامانجیان تێکدانی یەکڕیزیی پێکهاتەکانە.

 

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان گرنگیی بە ڕۆڵی دەستەی پیشەسازیی سەربازی دا بۆ ئەم قۆناغە، ئەوەش لە ڕێگەی دروستکردنی هاوبەشیی بەرهەمهێنان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی تایبەت بە دروستکردنی چەک و پێداویستییە سەربازییەکان. دووپاتیشیکردەوە کە حکومەت بەردەوام دەبێت لەسەر دروستکردنی هاوبەشیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دوور لە سیاسەتی جەمسەرگیری.

69 جار خوێندراوەتەوە