عامر
عەبدولجەبار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئامارێکی وردی لەسەر قەبارەی زیانەکانی
جیاوازیی نرخی فەرمیی دۆلار و بازاڕی هاوتەریب ئاشکرا کرد و داواش لە سەرۆک
وەزیران دەکات، بەپەلە پێداچوونەوە بە سیاسەتە ئابوورییەکاندا بکات بۆ ڕاگرتنی
بەفیڕۆدانی سامانی نیشتمانی.
لە
بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردووەتەوە، عامر عەبدولجەبار ڕایگەیاند:
"زیانەکانی گەلی عێراق بەهۆی جیاوازیی نرخی دۆلارەوە لە سەردەمی حکومەتی
پێشوودا، زیاتر لە 27 ملیار و 312 ملیۆن دۆلار بووە، بە جۆرێک تێکڕای زیانی ڕۆژانە
لەو قۆناغەدا نزیکەی 21 ملیۆن دۆلار بووە لە هەر 24 کاتژمێرێکدا."
ئەو
پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم زیانانە بەردەوام بوون و لە سەردەمی
کابینەی ئێستای حکومەتیشدا تاوەکو کۆتایی مانگی تەمموزی ڕابردوو، زیاتر لە دوو
ملیار و 155 ملیۆن دۆلار زیان تۆمار کراوە. دەشڵێت: "جیاوازیی نرخ لە مانگی
ئەیلولی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 290 دینار بۆ هەر دۆلارێک، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی
جیاوازییە لە دوای ساڵی 2003وە."
لە کۆتایی
بەیاننامەکەیدا، عەبدولجەبار داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، بەپەلە
پێداچوونەوە بە سیاسەتە ئابووری، نەختینەیی، دارایی و بازرگانییەکاندا بکات، بۆ
ئەوەی ڕێگری لە بەفیڕۆدانی سامانی نیشتمانی بکرێت و ئەو سامانە ئاراستەی
بەهێزکردنی توانای ئابووریی دەوڵەت و گەل بکرێت.
175 جار خوێندراوەتەوە