تەمەنی خانەنشینی بۆ بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان درێژ دەکرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
12:48 - 27/09/2026
ئابوری
+
-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە بەغدا دەکات ماوەی خزمەتی 626 فەرمانبەر کە زیندانیی سیاسین درێژ بکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوەکەی ئاراستەی دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی کردووە.

 

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە و ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە، داوا کراوە ماوەی خزمەتی زیندانییانی سیاسیی وەجبەی 9 تا 15 کە فەرمانبەرن لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و لەدایکبووی ساڵانی 1965 و 1966ـن، لە 60 ساڵییەوە بۆ 65 ساڵی درێژ بکرێتەوە. لە نووسراوەکەدا هاتووە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانە 626 کەسە و لە ئێستاشدا بەهۆی نەبوونی تەرخانکراوی داراییەوە، مینحەی زیندانییانی سیاسی وەرناگرن.

 

لە بەرامبەردا، فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی بە ژمارە 50407 لە ڕۆژی 24ـی ئەیلوولی 2026، وەڵامی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە و نووسراوەکەی ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی کردووە بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری پێویست و بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی خزمەتی ئەو فەرمانبەرانە.

165 جار خوێندراوەتەوە