دادگای گەندەڵی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر پەرلەمانتارێکدا سەپاند

KNN : Kurdish News Network
02:54 - 29/09/2026
عێراق
+
-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر محەمەد فەرمان شاهیر سەلمان جبوری، ئەندامی پەرلەمانی عێراقدا سەپاند، بە تۆمەتی دەستکەوتی ناڕەوا، هاوکات پابەندکراوە بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 28 ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت

 

دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سەربە ناوەندیی، بڕیارەکەی پاڵپشت بە بڕگەی دووەم لە ماددەی 19ی یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی ناڕەوا ژمار 30ی ساڵی 2011ی هەموارکراو دەرکردووە. دادگاکە پەرلەمانتارەکەی ناچار کردووە بڕی زیاتر لە 11 ملیار و 795 ملیۆن دینار لەگەڵ یەک ملیۆن و 729 هەزار دۆلار بگەڕێنێتەوە، هەروەها غەرامەیەکیش بە هەمان بڕی دەستکەوتە ناڕەواکە بدات، کە کۆی گشتیی پارەکە دەگاتە زیاتر لە 28 ملیار و 157 ملیۆن دینار

 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، دادگا بڕیارێکی دیکەشی بەسەر ئەو پەرلەمانتارەدا سەپاندووە کە سێ ساڵ زیندانیکردنی توندە بە تاوانی شاردنەوەی زانیاری، لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای قورستر بەسەریدا. هاوکات بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی گشت سەروەت و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی تاوانبارەکە پشتڕاست کراوەتەوە

 

لە کۆتاییدا دەستەی دەستپاکی ڕوونیکردووەتەوە، دادگا مافی بە دەستەکە داوە کە دوای وەرگرتنی پلەی بنبڕی بڕیارەکە، داوای قەرەبووی زیانەکان بکات.


56 جار خوێندراوەتەوە