گەشتێکی
ئاسمانیی هێڵی ئاسمانیی (فڵای دوبەی) کە لە دوبەیەوە بەرەو فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن
لە ئیسرائیل دەچوو، دوای ئەوەی یەکێک لە فڕۆکەوانەکان هێرشی کردە سەر فڕۆکەوانەکەی
دیکە، بە ناچاری لە فڕۆکەخانەی تەبوک لە عەرەبستانی سعودیە نیشتەوە و بەرپرسانی
ئیسرائیلیش ڕووداوەکە بە هەوڵێکی مەترسیدار ناودەبەن.
بنیامین
ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕووداوەکەی سەر فڕۆکەکەی فڵای
دوبەی زۆر مەترسیدار بووە، ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە فڕۆکەوانەکان چەقۆی لە
فڕۆکەوانەکەی دیکە داوە و وادیارە هەوڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی داوە. ناتانیاهۆ
ڕوونیشیکردەوە کە دەسەڵاتدارانی سعودیە ئەو فڕۆکەوانەیان دەستگیرکردووە کە
هێرشەکەی ئەنجامداوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، هاوکات فەرمانی بە دەزگا
ئەمنییەکانیش کردووە خۆیان بۆ هەڕەشەی زیاتر ئامادە بکەن.
لەلایەکی
دیکەوە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، ئەو کارە تێکدەرانەیە لە ڕێگەی ئەو
سەرنشینە ئیسرائیلییانەوە پووچەڵکرایەوە کە چوونەتە ناو ژووری فڕۆکەوانەکان. باسی
لەوەشکرد کە زانیارییە سەرەتاییەکان دەریدەخەن مەبەستی ئەو کەسە لەناوبردنی
فڕۆکەکە و سەرنشینەکانی بووە، کارەکەشی بە "هەوڵێکی تیرۆریستیی جیهادی"
ناوبرد.
کۆمپانیای فڵای
دوبەی لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە گرژییەک لەناو ژووری فڕۆکەوانیی
گەشتەکەیاندا دروستبووە. کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، تیمی فڕۆکەوانی توانیویانە ئاسایشی
فڕۆکەکە بپارێزن و ئاڕاستەکەی بگۆڕن بۆ فڕۆکەخانەی تەبوک لە سعودیە و بە سەلامەتی
بنیشێتەوە. جەختیشیکردەوە کە سەرجەم سەرنشینان و تیمی فڕۆکەوانی سەلامەتن و هێشتا
زووە بۆ زانینی هۆکار و پاڵنەرەکانی ڕووداوەکە تا لێکۆڵینەوە فەرمییەکان کۆتاییان
دێت.
دواتر ئاژانسی
فرانس پرێس (AFP) بڵاویکردەوە، سەرنشینەکانی فڕۆکەکەی فڵای دوبەی،
کە زۆرینەیان ئیسرائیلین، لە سعودییەوە بەرەو تەلئەبیب بەڕێکەوتوون.
95 جار خوێندراوەتەوە