کارەبای سلێمانی: گوڵەخانە 7 ساڵە و بارەگای سۆسیالیستیش 24 ساڵە پارەی کارەبای نەداوە

KNN : Kurdish News Network
07:26 - 29/09/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی و هەڵەبجە، وەڵامی لێدوانێکی محەمەدی حاجی مەحمود دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت؛ کۆی ئەو پارەیەی وەک پسووڵەی کارەبا بۆ گوڵەخانە هاتووە 76 ملیۆن دینارە نەک 100 ملیۆن دینار، کە ئەو بڕەش قەرزی کەڵەکەبووی حەوت ساڵی ڕابردووی هەشت هاوبەشی جیاوازە و تەنها بۆ یەک ماڵ نییە.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەشێکی زۆری ئەو 76 ملیۆن دینارە، قەرزی کۆنی پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکییە و پسووڵەکانیش جۆری ماڵان، میری و کشتوکاڵی لەخۆدەگرن. هاوکات ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا لە گوڵەخانە هیچ بڕە پارەیەکی کارەبا نەدراوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، کەناڵی تەلەفزیۆنی و بارەگای سەرەکییان لە سلێمانی قەرزداری کارەبان و دوایین جار کە بارەگاکە پارەی کارەبای داوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2002. سەرەڕای ئەوەش، تیمەکانی کارەبا چەندین جار بە مەبەستی پشکنین و بەدواداچوون سەردانی ئەو شوێنانەیان کردووە، بەڵام بەردەوام ڕێگرییان لێ کراوە.

 

لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی و هەڵەبجە جەختی لەوە کردووەتەوە کە دوای پشکنینی پسووڵەکان دەرکەوتووە هیچ هەڵەیەک لە بڕە تۆمارکراوەکاندا نییە، و نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت کە سەرەڕای بوونی ئەو ڕاستییانە، بابەتەکە لەلایەن گوڵەخانەوە وەک نادادپەروەری وێنا کراوە.

96 جار خوێندراوەتەوە