وەفدی کەنەکە سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:40 - 29/09/2026
کوردستان
+
-

وەفدێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە سەرۆکایەتی ئەحمەد قەرەموس، هاوسەرۆکی کەنەکە و شاندی یاوەری، سەردانی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و لەلایەن دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسیی پێشوازی لێکرا.

 

لە دیدارەکەدا، هاوسەرۆکی کەنەکە پیرۆزبایی لە ڕێکخەری گشتیی گۆڕان کرد بە بۆنەی بەستنی کۆنفرانسی نائاسایی و نوێکردنەوەی پێکهاتەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکە. هەروەها ڕۆڵی بزووتنەوەی گۆڕانی لە هەڵوێست و پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بەرزنرخاند و جەختی کردەوە کە گۆڕان بەشێکی گرنگی کار و چالاکییەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانە.

 

لە بەرامبەردا، دانا ئەحمەد مەجید بەخێرهاتنی وەفدی میوانی کرد و جەختی کردەوە کە گۆڕان لە سەرەتاوە بەشدارییەکی کارای لە کۆنفرانس و چالاکییە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی کەنەکە هەبووە و ئێستاش بەردەوام دەبێت.

 

ڕێکخەری گشتیی گۆڕان هیوای خواست پەیوەندییەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە پێبدرێت، بە تایبەت لە کاتێکدا کە پرسی کورد لەبەردەم ئالەنگاری و گۆڕانکاریی نوێدایە. لەو بارەیەوە جەختی لە پێویستیی بەهێزکردنەوەی ڕایەڵە نیشتمانی و نەتەوەیی کردەوە بۆ دیاریکردنی خاڵ و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی پرسی کورد دەبن

81 جار خوێندراوەتەوە