فەرماندەی هێزی
ئاسمانیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم ئەو ئەرکانەی هێزەکانیان لە ناوخۆی عێراقدا
جێبەجێی دەکەن بەتەواوی سەربەخۆن و دوورن لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
هاوکات ئاشکرای دەکات، سەدا سەدی کاری چاککردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (F-16) لەلایەن
تیمە عێراقییەکانەوە دەکرێت و لە ئێستاشدا لە گفتوگۆدان بۆ کڕینی 14 فڕۆکەی جۆری
ڕافالی فەرەنسی.
فەریق فڕۆکەوان
خالید تەمیمی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا
ڕوونیکردەوە، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاوەکو ئێستا هیچ هێزێکی هاوپەیمانان ئەرکی
لەناو خاکی عێراقدا جێبەجێ نەکردووە، ئەو کۆمپانیا بیانییانەی کە بوونیان هەیە
تەنها خزمەتگوزاریی هونەری پێشکەش دەکەن نەک بوونی سەربازیی. جەختیشیکردەوە،
ئاسمانی عێراق بەتەواوی لە ڕێگەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکە جەنگییەکانەوە
پارێزراوە و ڕووماڵی ڕۆژانەی تەواوی ئاسمانی وڵات دەکرێت.
سەبارەت بە
پڕچەککردن و کڕینی فڕۆکەی پێشکەوتوو، تەمیمی ئاماژەی بەوە کرد کە قۆناغێکی باشیان
لە دانوستانەکان بڕیوە بۆ کڕینی 14 فڕۆکەی جۆری ڕافال کە فڕۆکەیەکی زۆر
پێشکەوتووە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا زیانی هێرشە موشەکییەکانی سەر بنکە
سەربازییەکانی ئاشکرا کرد و وتی: "بەداخەوە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی موشەکێکەوە،
فڕۆکەیەکی بارهەڵگری جۆری ئەنتۆنۆڤ سووتا و لەکارکەوت، بەهۆی ئەوەی تێچووی
چاککردنەوەی لە نرخی کڕینەکەی زیاتر بوو، بڕیارماندا لە خزمەت دەریبهێنین".
فەرماندەی هێزی
ئاسمانیی عێراق دڵنیاییشی دا کە مەترسییەکانی ڕێکخراوی داعش لە ئێستادا زۆر
سنووردار بوونەتەوە، ئەو شانە نووستووانەشی کە لە ناوچە سەختەکاندان، بەتەواوی
لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندان. هەروەها باسی لەوەشکرد کە هەوڵەکانیان بۆ
دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ناوخۆیی دەستپێکردووە و بیرۆکەی دامەزراندنی
فەرماندەییەکی تایبەت بەو چەکەش هەیە.
137 جار خوێندراوەتەوە