دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت؛ لە هەردوو بەرەی سەربازی و ئابووریدا لە بەرامبەر
ئێراندا سەرکەوتن تۆمار دەکەن و پێشبینیش دەکات بەمزووانە لە جەنگەکەیاندا
سەرکەوتنی کۆتایی بەدەستبهێنن، جەختیش دەکاتەوە کە نابێت تاران دەستی بە چەکی
ئەتۆمی بگات.
لە لێدوانێکیدا
بۆ تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، دوای
سەرکەوتنیان لە جەنگی دژ بە ئێران، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ ئاستەکانی
پێش جەنگ دادەبەزێتەوە. سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیش ڕوونیکردەوە، خاڵ و کلیلی بنەڕەتی
ئەوەیە کە نابێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، وەڵامدانەوەی ئەتۆمیش بووەتە
جەوهەری تەواوی پرسەکە.
سەرۆکی ئەمریکا
باسی لەوەشکرد، وڵاتەکەی لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتوو بووە، بەڵام
ئۆپەراسیۆنەکانیان ڕانەگرتووە و بەردەوامن. لە بارەی دۆخی ناوخۆی تارانیشەوە وتی:
"ئابووریی ئێران بە تەواوی کۆتایی هاتووە و دراوەکەیان بێبایەخ بووە، ڕێژەی
هەڵاوسان نزیک دەبێتەوە لە 300٪، سوپاکەیان تێکشکاوە و لە دۆخێکی زۆر سەخت و
چەقبەستوودان".
لە وەڵامی
پرسیارێکیشدا سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان و گەڕاندنەوەی
بژاردەی سەربازی بۆ سەر مێز پێش وادەی هەڵبژاردنەکان، ترەمپ ئەو ئەگەرەی بە تەواوی
ڕەتنەکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوە ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام لە ئێستادا
نایەوێت پشتڕاستی بکاتەوە.
97 جار خوێندراوەتەوە