جێگری
هەماهەنگکاری سوپای ئێران ڕایدەگەیەنێت، گەرووی هورمز بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی
هێزە دەریاییەکانی ئێراندایە و هۆشداریش دەداتە ئەو وڵاتە دراوسێیانەی کە بوونەتە
پێگەیەک بۆ هێرشەکانی دوژمن.
دەریادار
حەبیبوڵڵا سەیاری، سەرۆکی ئەرکان و جێگری هەماهەنگکاری سوپای ئێران ڕایگەیاند،
دوژمن ئێرانی لاواز و پارچەپارچەکراوی دەوێت و بەرژەوەندییەکانی خۆی لەو ئامانجەدا
دەبینێتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر سەیری وڵاتانی دراوسێی کەناراوەکانی باشووری
کەنداو و ناوچەکانی دەوروبەری دەریای خەزەر بکرێت، ڕوون دەبێتەوە کە ئەوان ئێرانی
بەهێزیان ناوێت.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، دەریادار سەیاری ڕەخنەی توندی لە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە گرت و
وتی: "کاتێک بە هەندێک لەو وڵاتانە دەوترێت کە بنکەی دوژمن لە خاکی ئێوەدایە
و لێیەوە هێرشی کردووەتە سەر ئێران، داوا دەکەن کە نەکرێنە ئامانج؛ لە کاتێکدا
هەموو ئاسانکاری و تواناکانی خۆیان خستووەتە خزمەت دوژمن".
سەبارەت بە
هەژموونی سەربازیی وڵاتەکەی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا، جێگری هەماهەنگکاری سوپای
ئێران ڕوونیکردەوە، سەرەڕای لێدوانەکانی دوژمن، ڕاستییەکە ئەوەیە کە گەرووی هورمز
بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە. باسی لەوەشکرد کە ڕۆژئاوای گەرووی هورمز، خودی
گەرووەکە و کەنداو بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هێزی دەریایی سوپای پاسداراندان،
هەروەها ڕۆژهەڵاتی گەرووەکە و باکووری زەریای هیندی لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزی
دەریایی سوپادایە. جەختیشیکردەوە کە هێزەکانیان بە پتەوی لە ناوچەکەدا جێگیر بوون
و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەن هەوڵی تێپەڕین بدات.
72 جار خوێندراوەتەوە