دادگای بەرایی ڕەسافە لە بەرژەوەندی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بڕیاریدا و بڕیارێکی پێشووی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەکلاکردنەوەی دارایی نێوانیان هەڵوەشاندەوە.
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ دوابەدوای ئەوەی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە ڕێکەوتی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ بەشێوەیەکی تاکلایەنە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەکلاکردنەوەی دارایی (التسوية المالية) نێوانیان، کۆمپانیاکەیان سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو دەستەیە لە دادگا تۆمارکرد. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دادگای بەرایی ڕەسافە لە بەرژەوەندی کۆڕەک بڕیاریدا و بڕیارەکەی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی هەڵوەشاندەوە، بەمەش دووبارە کاردەکرێتەوە بەو ڕێککەوتنەی کە لە ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ لە نێوانیاندا واژۆ کرابوو.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "هەر لە سەرەتاوە پەنامان بردووە بەر دادگا لەسەر بنەمای باوەڕمان بە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە دەزگا دادوەرییەکان، کە ئەمەش ڕێگەی دروستە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان." کۆڕەک سوپاسی خۆڕاگریی بەشداربووانی دەکات لە بەرامبەر ئەو شاڵاوەی دەستەی ڕاگەیاندن کە کرایە سەریان، و هیوادارە دەستەکە لاپەڕەیەکی نوێ دوور لە ناکۆکی و دانانی کۆسپ بکاتەوە بۆ ئەوەی پێکەوە خزمەتی بەشداربووان و گەشەپێدانی بواری گەیاندن بکەن و دووربن لە ڕێوشوێنی ستەمکارانە.
151 جار خوێندراوەتەوە