وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی دەوام لە پەیمانگە ناحکومییەکان دەرکرد و جەخت لە دانانی سیستەمی پەنجەمۆر بۆ تۆمارکردنی ئامادەبوونی قوتابیان دەکاتەوە. هاوکات هۆشداری دەداتە ئەو قوتابیانەی غیاباتیان زۆرە و ڕایدەگەیەنێت؛ هەر قوتابییەک 25 ڕۆژ ئامادەنەبوونی هەبێت، لە خوێندن دادەبڕێت
بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە واژۆی ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی لەسەرە و ئەمڕۆ دەرچووە، گشت پەیمانگە ناحکومییەکان پابەند کراون بە جێبەجێکردنی سیستەمی پەنجەمۆر بۆ تۆمارکردنی ئامادەبوون و ئامادەنەبوونی قوتابیان، هەروەها دەبێت تۆمارێکی دروستیان سەبارەت بەم بابەتە هەبێت. فەرمانەکە ڕوونیکردووەتەوە، هەر قوتابییەک لە ساڵێکی خوێندندا زیاتر لە 25 ڕۆژ ئامادەنەبوونی تەواوی هەبێت، بە "دابڕاو لە خوێندن" هەژمار دەکرێت و مافی بەردەوامبوونی لەو ساڵەدا نامێنێت، پەیمانگەکانیش بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیە
لە بەشێکی دیکەی فەرمانەکەدا، وەزارەتی پەروەردە هۆشداری توند دەداتە پەیمانگەکان و ڕایدەگەیەنێت، هەر پەیمانگەیەکی ناحکومی سەرپێچی لەم بڕیارانە بکات، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر کە دەگاتە ئاستی دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنەوەی مۆڵەتی کارکردن و سەپاندنی سزای دارایی بەپێی یاسای پەیمانگە ناحکومییەکان
لە هەمان کاتدا، وەزارەتەکە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوونی مەیدانی، بە جۆرێک لە ئەگەری هەر کەمتەرخەمییەکدا لەلایەن سەرپەرشتیارەوە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی فەرمانەکە، ڕاستەوخۆ پرۆسەی لێسەندنەوەی پلەکەی دەستپێدەکات.
93 جار خوێندراوەتەوە