بانکی ئەوروپی
بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئابووریی عێراق بەهۆی
داخرانی گەرووی هورمزەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. لە نوێترین ڕاپۆرتی پێشبینییە
ئابوورییە هەرێمییەکانیدا، بانکەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکارەکانی وەک
بەرزبوونەوەی نرخی وزە، زیادبوونی تێچووی قەرزکردن، وشکەساڵی لە ئەوروپا و
بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمز، پێکەوە فشارێکی گەورەیان خستووەتە سەر گەشەی
ئابووری.
بەپێی
ڕاپۆرتەکە، گەورەترین دابەزین لە پێشبینییەکانی گەشەی ئابووریدا بەر عێراق و
لوبنان کەوتووە. بانکەکە پێشبینی دەکات لەمساڵدا ئابووریی عێراق پاشەکشە بکات،
ئەوەش دوای ئەوەی داخرانی گەرووی هورمز بووە هۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی
وڵاتەکە. هاوکات پێشبینیش دەکرێت ئابووریی لوبنان بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگی
ئیسرائیل لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان، پاشەکشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. بانکی
ئەوروپی پێشبینی دەکات ئەمساڵ گەشەی ئابووری لەو 41 وڵاتەی کە دەیانگرێتەوە بە
ڕێژەی 2.5٪ بێت، کە ئەمەش بەراورد بە پێشبینییەکانی مانگی حوزەیران ڕێژەی 0.6 خاڵی
سەدی دابەزیوە و دەبێتە دووەم دابەزینی لەسەریەکی پێشبینییەکانی.
بیاتا
یاڤۆرچیک، گەورە ئابووریناسی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لەبارەی
ڕاپۆرتەکەوە ڕایگەیاند: "ئەوەی جێگەی نیگەرانییە بوونی چەندین خاڵی فشاری
جیاوازە، هەر لە نرخی گازۆیلەوە بگرە تا دەگاتە تێچووی گەنم و قەرزکردن."
هۆشداریشی دا کە: "فشارەکان لە زیادبووندان و مەترسیی نەرێنیی گەورە لەسەر
پێشبینییەکانمان هەیە."
لە بەشێکی
دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بانکی ئەوروپی بەهۆی پەرەسەندنی هێرشەکانی ڕووسیاوە
پێشبینییەکانی بۆ ئابووریی ئۆکرانیا کەمکردووەتەوە، هەروەها سەبارەت بە تورکیاش
ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوامیی فشارەکانی هەڵاوسان، بارودۆخێکی دارایی قورستر
دەسەپێنێت. هەرچەندە فشارەکانی تایبەت بە نرخ کەمتر بوون لەوەی بانکەکە لێی
دەترسا، بەڵام تێکڕای هەڵاوسان لەو ناوچانەی بانکەکە دەیانگرێتەوە لە دەوروبەری 6٪
جێگیر بووە و وزەش چارەکێکی ئەو ڕێژەیە پێکدەهێنێت.
ڕاپۆرتەکە
ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە لە مانگی شوباتەوە نرخی گەنم لە جیهاندا بە ڕێژەی 30٪
بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی ئاستی هەناردەی ئۆکرانیا بۆ نزمترین ئاستی خۆی
لە دوای نیسانی ساڵی 2022 بەهۆی هێرشەکانی سەر دەریای ڕەشەوە.
54 جار خوێندراوەتەوە