وتەبێژی سوپای
پاسدارانی ئێران سەرکەوتنی هێرشێکی بە چەکێکی نوێ بۆ سەر کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری
ئەمریکی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە تەواوی خۆیان بۆ جەنگێکی
درێژخایەن ئامادە کردووە. هاوکات ئاشکرای دەکات، لە رێگەی ئەندازیاری
پێچەوانەوە دەستیان بە کۆپی کردنی ئەو ژێرئاوگەڕەی ئەمریکا کردووە، کە ماوەیەک بەر
لە ئێستا دەستیان بە سەردا گرتبوو.
حسێن موحیبی،
وتەبێژی سوپای پاسداران، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی (ئیرنا)ی فەرمیی ئێران،
ڕایگەیاند: ئێران بەردەوامە لە بەرهەمهێنان و تاقیکردنەوەی ئامێری سەربازیی
مۆدێرن. سەبارەت بە پرسی دانوستانیش ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر بەرژەوەندیی وڵات
بڕیار بدات، دانوستان دەبێتە بەشێک لە جەنگ، بەو پێیەی "دانوستان بە مانای
سازش و ئاشتی نایەت، بەڵکو گۆڕەپانێکی دیکەی جەنگە بە وشە، بەڵگە و ڕێگەی
دیپلۆماسی، کە دەبێت کۆماری ئیسلامی ئامادەیی بۆ هەردووکیان هەبێت."
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، وتەبێژی سوپای پاسداران هۆشداری دا لەوەی کە جەنگ کۆتایی
نەهاتووە و وتی: "گۆڕانکاری لە چەک و ئامێرەکانماندا دەکەین و چەکی نوێ بە
توانای نوێوە دەهێنینە گۆڕەپانەکەوە، بە جۆرێک جیهان بە هێز و وردپێکانی
چەکەکانمان سەرسام دەبێت. ئامانجەکانیشمان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و ئەگەر
هێرشمان بکرێتە سەر، ئەو ئامانجانە دەپێکین کە پێشتر هێرشیان نەکراوەتە سەر."
موحیبی جەختی
لەوەش کردەوە کە ئەو وێنایەی بۆ باڵادەستیی تەکنەلۆژیای ئەمریکا دەکرا، لە
چەکەکانی وەک فڕۆکەی (ئێف 35)، سیستەمی پاتریۆت، ژێردەریایی و فڕۆکە
بێفڕۆکەوانەکان، لە بەرامبەر توانای هێرشبەری و بەرگریی ئێراندا شکستی هێناوە و
بێبایەخ بووە.
لە کۆتاییدا
ئاشکرای کرد کە بەهۆی کەوتنەبەر هێرشی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران،
تەواوی بنکەکانی ئەمریکا لەکارکەوتوون، ئەمەش وای لە واشنتن کردووە بە ناچاری هێز
و ئامێرەکانی بۆ بنکەی دوورتر بگوێزێتەوە؛ لەوانەش بۆ بنکەی ئەزڕەق لە ئوردن،
ناوچەکانی نزیک ئیسرائیل و کەنداوی عەقەبە لە سوریا، بەڵام وەک ئەو دەڵێت:
"لەو شوێنانەش ئاسایشیان پارێزراو نییە."
96 جار خوێندراوەتەوە