بڕیارگەی خاتەمولئەنبیا: زانیاریمان هەیە ئەمریکا بەهاوکاری وڵاتانی ناوچەکە دەست بە هێرش دەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
03:50 - 20/09/2026
جیهان
+
-

بڕیارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دەدات لە ئامادەکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی بە پاڵپشتیی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە، و هەڕەشەی بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی واشنتن و ئەو وڵاتانەش دەکات کە هاوکار دەبن.

 

لە بەیاننامەکەی بڕیارگەی خاتەمولئەنبیادا هاتووە: "بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، ئەمەریکا جارێکی دیکە بڕیاریداوە بە گڵۆپی سەوزی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە و لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا، دەست بە هەنگاوەکانی بکاتەوە دژی ئێران." ئەمەش بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە لەبارەی وڵاتە بەشداربووەکان یان ناوی وڵاتە ئەوروپییە میواندارەکەوە ئاشکرا بکات.

 

ئەو ناوەندە باڵا سەربازییەی ئێران هۆشداریی توندی داوەتە وڵاتانی ناوچەکە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر لەگەڵ هێرشەکەی ئەمەریکادا "یەکبگرن"، ئەوا هەموویان بە هاوبەش لەو کارەدا هەژمار دەکرێن و ئیتر ناتوانن چاوەڕێی دانبەخۆداگرتن یان نەرمی نواندن لە هێزە چەکدارە بەهێزەکانی ئێران بکەن.

 

هاوکات لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، بڕیارگەی خاتەمولئەنبیا هۆشداریی داوەتە ئەمەریکاش کە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، "سەرجەم بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا، بێ هیچ سنوور و ڕەچاوکردنێک، دەبنە ئامانجی هێرشی بەردەوام، کاریگەر و بەئازار."

87 جار خوێندراوەتەوە