ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگی لەسەر کۆمەڵێک ڕاسپاردە دا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی، کە دیارترینیان پێداچوونەوەیە بە بڕیاری زیادکردنی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان، دانانی پلانێکی بەپەلە بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانەکان، و دابینکردنی بەپەلەی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە؛ لە دانیشتنی بیستەمی پەرلەماندا کە بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبوسی و ئامادەبوونی 232 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، دەنگ لەسەر ئەو ڕاسپاردانە درا کە ڕۆژی پێشتر لە میانی میوانداریکردنی وەزیری نەوتدا گفتوگۆیان لەسەر کرابوو
بەپێی بەیاننامەکە، ڕاسپاردەکان پێداچوونەوە بە بڕیاری ژمارە (429)ی ساڵی 2026ی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە زیادکردنی نرخی سووتەمەنی لەخۆدەگرێت، بە لەبەرچاوگرتنی لێکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو زیادکردنە لەسەر تێچووی گواستنەوە و بەرهەمهێنان. هەروەها جەختکراوەتەوە لەسەر دانانی خشتەیەکی کاتی بۆ گەیشتن بە خۆژێنی لە بەرهەمە نەوتییەکان، کەمکردنەوەی هاوردەکردن، و بەتوندی چاودێریکردنی سیستەمی دابەشکردن و لێپرسینەوە لە حاڵەتەکانی قاچاخچێتی
لە بەشێکی دیکەی ڕاسپاردەکاندا، پەرلەمانی عێراق داوای کردووە کێشەی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت، ئەوەش لە ڕێگەی پێداچوونەوە بە بڕی نەوتی سپیی تەرخانکراو بۆ هەرێم و بەپەلە ناردنی بەشە نەوتەکەیان بەهۆی دەستپێکی وەرزی زستانەوە. هاوکات داواش کراوە دووبارە بەرهەمە نەوتییە پاڵپشتیکراوەکان بۆ جوتیاران دابین بکرێتەوە، لەگەڵ پێداچوونەوە بە پۆستە باڵاکانی وەزارەتی نەوت و دوورخستنەوەی ئەو کۆمپانیایانەی کەمتەرخەمن لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکان.
97 جار خوێندراوەتەوە