قەیرانی نەختینە لە بەغدا دابەشکردنی مووچەی مانگی 9 دوادەخات

KNN : Kurdish News Network
01:15 - 21/09/2026
ئابوری
+
-

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای دەکات، سەرەڕای نزیکبوونەوە لە کۆتایی مانگی ئەیلول، تا ئێستا پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق خەرج نەکراوە و هیچ وەزارەتێک پارەی مووچەی فەرمانبەرانی پێنەگەیشتووە.

 

سەرچاوەکە لە لێدوانێکدا بۆ شەفەق نیوز ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دواکەوتنەی مووچە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بینرا، لەم مانگەشدا دووبارە دەبێتەوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تەواونەکردنی ڕێکارەکانی خەرجکردنی پارە، کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە کەمیی نەختینەی دارایی و کەمبوونەوەی داهاتەکانەوە، لە کاتێکدا فەرمانبەران لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی شایستە داراییەکانیاندان.

 

هاوکات، جەختی لەوە کردەوە کە فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، تمویلی مووچەی فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی نەکردووە و پارەی خەرج نەکردووە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە مانگی ئابی ڕابردووشدا فەرمانبەران ناڕەزایەتییان دەربڕی لە دواکەوتنی مووچەکانیان کە لە کۆتایی مانگەکەدا دابەشکرا، تەنانەت فەرمانبەرانی بەشێک لە وەزارەتەکان لە سەرەتای ئەم مانگەدا مووچەی مانگی ڕابردوویان وەرگرت. پێشتریش هۆکاری ئەو دواکەوتنەش، بۆ کەمیی نەختینە و کەمبوونەوەی داهات گەڕێندرابووەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی پێویستدا بوون بۆ دابینکردنی مووچە.

346 جار خوێندراوەتەوە