شارەزایەکی
کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت،
لەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی گەرمای کاتی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە سەرەتای مانگی
داهاتووشدا یەکەم شەپۆلی بارانبارین دەستپێدەکات.
ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سبەینێ سێشەممە (22ـی
ئەیلول)، بارستەهەوایەکی گەرم لە ناوچەکانی باشووری عێراقەوە بەرەو هەرێمی
کوردستان هەڵدەکشێت. بەهۆیەوە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا و بەتایبەت لە یەکەم
ڕۆژی وەرزی پایزدا کە دەکاتە چوارشەممە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو
(3 بۆ 5) پلە بەرز دەبنەوە. هۆشداریش دەدات کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێوە،
هەست بە گەرمایەکی بێزارکەر دەکرێت.
لە بەشێکی تری
پێشبینییەکانیدا، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە، لە ڕۆژی پێنجشەممە (24ـی
ئەیلول) تا کۆتایی مانگ، کاریگەریی ئەو گەرمایە کەمدەبێتەوە و پلەکانی گەرما
بەشێوەیەکی ئاسایی ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن.
سەبارەت بە
دەستپێکی وەرزی بارانبارینیش، ئاراس جەبار پێشبینی دەکات کە لەدوای ئەو
گۆڕانکارییانە، لە نێوان 2 بۆ 5ـی تشرینی یەکەمی داهاتوودا، یەکەم شەپۆلی
بارانبارینی ئەمساڵ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە بگرێتەوە.
159 جار خوێندراوەتەوە