هێزە
چەکدارەکانی ئێران ڕایدەگەیەنن، لە بەرامبەر دوژمناندا پاشەکشە ناکەن و هۆشداریش
دەدەن کە تامی تاڵی شکستی زیاتر بە ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان دەچێژن.
لە
ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بارەگای
خاتەمولئەنبیای ئێراندا، کە بەبۆنەی "هەفتەی بەرگریی پیرۆز"ـەوە
بڵاوکراوەتەوە، هاتووە؛ وڵاتەکەیان بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی هەشت ساڵەی
جەنگ، بەرەو بنیاتنانی "ئێرانی بەهێز" هەنگاوی ناوە. لە بەشێکی تری
ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرامبەر گەلی ئێران
و هێزە چەکدارەکانیدا "چۆکیان داداوە".
هەروەها جەخت
لەوە کراوەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران هاوکێشە ئەمنییەکانیان لە بەرژەوەندیی
گەلی وڵاتەکەیان و نەتەوەی ئیسلامی گۆڕیوە. وەک نموونەیەکیش بۆ ئەمە، باس لە
گرتنەدەستی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بە ڕێوشوێنی ئێرانی، تێکشکاندنی هەیمەنەی
سوپای ئەمریکا و لاوازکردنی سوپای ئیسرائیل کراوە.
لە کۆتایی
ڕاگەیەندراوەکەدا، هێزە چەکدارەکانی ئێران دووپاتی دەکەنەوە کە لە بەرامبەر
دوژمناندا سازش ناکەن و شکستی گەورەتر بەو لایەنانە دەهێنن کە دژی نەتەوەی ئێرانن،
بەتایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل.
50 جار خوێندراوەتەوە