محەمەد باقر
قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕەخنەی توندی لەو لایەنانە گرت کە وڵاتەکەیان
بەرەو "جەنگێکی بێکۆتا" دەبەن و هاوکات پشتڕاستی کردەوە کە تاران لە
ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیام و مەرجەکانی خۆی ئاراستەی ئەمەریکا کردووە.
قالیباف لە
وتارێکدا لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، هەندێک لایەن باس لە جەنگ دەکەن بێ ئەوەی
هیچ ئاسۆ و میکانیزمێکیان بۆ کۆتاییهێنانێکی بەهێز پێبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم
جۆرە تێڕوانینە کە هەر جۆرە گفتوگۆ و دیپلۆماسییەک ڕەتدەکاتەوە بێ لەبەرچاوگرتنی
تواناکان، وڵات بەرەو داڕمان و جەنگێکی بێکۆتا دەبات. جەختیشی لەوە کردەوە کە
"پێویستە هەم بجەنگین و هەم دانوستان بکەین".
سەرۆکی
پەرلەمانی ئێران ئەوەشی خستەڕوو کە پەیام و مەرجەکانیان بەڕوونی لە ڕێگەی
نێوەندگیرەکانەوە گەیاندووەتە بەرامبەرەکەیان و هۆشداریشیدا کە تا مەرجە
پێشوەختەکانی ئێران جێبەجێ نەکرێن، هیچ دەروازەیەک نییە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی
پێشووی دانوستانەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز.
ئەم لێدوانانە
لە کاتێکدان، ڕۆژی ڕابردوو موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی
نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاندبوو، تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانی قەتەر و پاکستانەوە
مەرجەکانی خۆی بۆ دانوستان گەیاندووەتە ئەمەریکا و لە ئێستادا "چاوەڕوانی
وەڵامی ترەمپ" دەکەن.
57 جار خوێندراوەتەوە