سەرۆکی کۆریای
باکوور، کیم جۆنگ ئون، سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی سیستەمێکی چەکی "جۆری
نوێ"ی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تاقیکردنەوەکە ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنی
بەردەوامی توانای سەربازیی وڵاتەکەیەتی، ئەمەش بەپێی ئەوەی میدیا فەرمییەکانی ئەو
وڵاتە ڕۆژی سێشەممە بڵاویانکردووەتەوە.
ڕاگەیاندنی ئەم
هەواڵە، دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە کۆریای باشوور و ژاپۆن ڕایانگەیاند، پیۆنگیانگ
دوو موشەکی بالیستیی کورت مەودای بەرەو ئاوەکانی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵات هەڵداوە،
ئەمەش لەلایەن هەردوو وڵاتەوە سەرکۆنە کرا و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و
سەقامگیریی ناوچەکە وەسف کرا.
ئاژانسی هەواڵی
ناوەندیی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، نوسینگەی موشەکیی کۆریای باکوور، بە
ئامادەبوونی کیم جۆنگ ئون، "بەسەرکەوتوویی چەکێکی لە جۆرێکی نوێ
تاقیکردووەتەوە".
پیۆنگیانگ
سروشتی سیستەمە چەکدارە نوێیەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاژانسەکە لە زاری کیمەوە
گواستوویەتیەوە کە ستایشی تاقیکردنەوەکەی کردووە و بە "بەڵگەیەکی دیاری
تەکنەلۆژیای بەرگریی زۆر مۆدێرن" وەسفی کردووە. هەروەها کیم هۆشداری داوە
لەوەی ئەم توانا سەربازییانە، نەیارانی وڵاتەکەی تووشی "سەرئێشەیەکی بێ
چارەسەر و گورزێکی قورس و حەتمی" دەکەن.
کیم
تاقیکردنەوەکەی ئەم دواییەی بە ئامادەکاریی سەربازیی وڵاتەکەیەوە گرێدا و جەختی
کردەوە، خاوەندارێتی تەکنەلۆژیای لەم شێوەیە گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ
"ئامادەیی دەوڵەت بۆ جەنگ و گەشەپێدانی داهاتووی هێزە چەکدارەکان".
لەلای خۆیەوە
سیۆل ئەو پرۆسەی هەڵدانانەی سەرکۆنە کرد و بە پێشێلکاری بۆ بڕیارەکانی ئەنجومەنی
ئاسایشی نێودەوڵەتی ناوبرد، داواشی لە پیۆنگیانگ کرد چالاکییەکانی پەیوەست بە
موشەکی بالیستی ڕابگرێت. هاوکات ژاپۆن ناڕەزایەتییەکی فەرمیی پێشکەش کرد و
تاقیکردنەوەکانی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە وەسف کرد.
89 جار خوێندراوەتەوە