یەکگرتنەوەی پێشمەرگە ڕاگەیەندرا

KNN : Kurdish News Network
12:13 - 21/09/2026
کوردستان
+
-

لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی کۆتاییهاتنی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ڕاگەیەندرا. لە مەراسیمەکەدا کە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەرێم بەڕێوەچوو، جەخت لەوە کرایەوە کە نابێت چیتر هێزە چەکدارەکان بۆ ململانێی سیاسی و حزبی بەکاربهێندرێن، هاوکات فەرماندەی نوێ بۆ هەردوو فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو دیاریکران.

 

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، بە هەموو جیهان ڕادەگەیەنن کە پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی هاتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای بوونی ئاستەنگ و بەربەستی زۆر لە پرۆسەکەدا، بەڵام توانیویانە سەرکەوتنێکی مێژوویی گەورە بەدەستبهێنن.

 

لای خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە دەستکەوتێکی گرنگ و بەڵێنێکی جێبەجێکراوی کابینەی نۆیەم وەسف کرد. ڕوونیشیکردەوە کە لەمەودوا قۆناغی بەهێزترکردن و پڕچەککردنی پێشمەرگە دەستپێدەکات، وتیشی: "دەمانەوێت پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانی و کوردستانی بێت، کە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی حزبی بەکارنەهێندرێت". سەرۆکی حکومەت داواشی لە عێراق کرد، وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی وڵات، مافە دارایی و شایستەکانی پێشمەرگە دابین بکات.

 

هاوکات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە تەنیا گۆڕانکاری نییە لە پەیکەربەندییدا، بەڵکو بونیادنانی دامەزراوەکانی کوردستانە. نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە دەبێت دامەزراوەی سەربازی نەبێتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی و دوور بێت لە دەستوەردانی حزبی. هەروەها، سوپاسی پشتیوانییەکانی هاوپەیمانانی کرد، بەڵام ڕایگەیاند کە یەکخستنەوەی پێشمەرگە بەرهەمی ئیرادەی سیاسیی ناوخۆییە.

 

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، هەریەکە لە نەجات عەلی ساڵح وەک فەرماندەی فەرماندەیی دەڤەری یەک، و عومەر ساڵح حەسەن وەک فەرماندەی فەرماندەیی دەڤەری دوو دەستنیشان کران.

46 جار خوێندراوەتەوە