شارەزایەکی کەشناسی: هاوین 3 رۆژی ماوە و پایزێکی پڕبارانمان لەپێشە

KNN : Kurdish News Network
09:42 - 20/09/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی بواری کەشناسی و گەردوونناسی ڕایدەگەیەنێت، لە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی وەرزی پایزدا دوو بۆچوونی جیاواز هەن، بەپێی نەریتی کوردی سبەینێ 21ی ئەیلول یەکەم ڕۆژی پایزە، بەڵام لە ڕووی فەلەکییەوە دەکەوێتە 23ی مانگ، پێشبینیش دەکات پایزی ئەمساڵ پڕباران بێت.

 

سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی و گەردوونناسی ڕایگەیاند، بەپێی نەریتی کوردی و وتەی پێشینان، ڕۆژی 21ی ئەیلول وەک یەکەم ڕۆژی وەرزی پایز هەژمار دەکرێت و لە 20ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت، کە بەوەش درێژیی وەرزەکە نزیکەی 90 ڕۆژ دەبێت و پاشان لە 21ی کانوونی یەکەم وەرزی زستان دەست پێدەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی لێکدانەوە فەلەکییەکان، یەکەم ڕۆژی پایز دەکەوێتە 23ی ئەیلولی 2026 لە کاتژمێر 03:05ی بەرەبەیان بە کاتی هەرێمی کوردستان، و لە 21ی کانوونی یەکەمی 2026 لە کاتژمێر 23:50 خولەکی شەو کۆتایی دێت. بەوەش ماوەی وەرزەکە بەپێی پێوەرە فەلەکییەکان 89 ڕۆژ و 20 کاتژمێر و 45 خولەکە.

 

ئەو شارەزایەی کەشناسی دەشڵێت: لەم وەرزەدا پلەکانی گەرما دادەبەزن و بارستە هەوایەکی فێنک ڕوو لە ناوچەکە دەکات، هاوکات وەرزی بارانبارین دەست پێدەکات و ڕەنگی گەڵای دارەکان دەگۆڕێت بۆ زەرد، سوور و نارنجی، پێشبینیش دەکرێت وەرزی پایزی ئەمساڵ پڕباران بێت.

188 جار خوێندراوەتەوە