ئەمەریکا هۆشداریی ئەمنی دەداتە هاووڵاتییانی لە عێراق و پێنج وڵاتی دیکەی ناوچەکە

KNN : Kurdish News Network
09:03 - 20/09/2026
عێراق
+
-

باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا لە بەیرووت، کوێت، بەحرەین، بەغدا، مەسقەت و عەممان، هۆشدارییەکی ئەمنیی توند ئاراستەی هاووڵاتییانیان دەکەن و داوایان لێدەکەن لە ئاست پێشهاتەکانی ناوچەکەدا زۆر وریابن، ئەمەش لە کاتێکدایە ناسەقامگیری و گرژییەکان بەردەوامن.

 

لە هۆشدارییەکەدا، باڵیۆزخانەکان جەختیان لەسەر پێویستیی بەدواداچوون و پابەندبوونی هاووڵاتییانیان بە ڕێنماییە ئەمنییەکان کردووەتەوە. هۆشدارییەکە چەندین ڕێکاری سەرەکیی لەخۆگرتووە، لە دیارترینیان ئامادەبوونە بۆ دروستبوونی ئاستەنگ لە گەشتکردندا، بەتایبەت ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی کتوپڕی گەشتە ئاسمانییەکان یان داخستنی کاتیی ئاسمانی هەندێک وڵات. بۆ ئەمەش داوایان کردووە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کۆمپانیاکان یان فڕۆکەخانە ناوخۆییەکانەوە بەدواداچوون بۆ خشتەی گەشتەکان بکەن.

 

هەروەها باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە بەتەواوی خۆیان لە گردبوونەوەکان بەدوور بگرن، و لە ناوچەکانی گرژی و ئەو شوێنانە نزیک نەکەونەوە کە هێزێکی زۆری ئەمنییان لێیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئامۆژگارییان کراون کە چاودێریی ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان بکەن و ناوی خۆیان لە پرۆگرامی تۆمارکردنی گەشتیاریی زیرەک (STEP) تۆمار بکەن، بۆ وەرگرتنی نوێترین زانیارییە ئەمنییەکان و ئاسانکاریی پەیوەندیکردن پێیانەوە لە کاتە لەناکاوەکاندا.

 

لە کۆتایی هۆشدارییەکەشدا، باڵیۆزخانەکان دڵنیاییان داوەتە هاووڵاتییانیان کە دەرگاکانیان کراوە دەبن و بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە کونسوڵییەکان. ئەم هەنگاوە هەماهەنگکراوەش وەک بەشێک لە پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت لە سایەی ئەو بارودۆخە ئەمنییە ناجێگیرەدا.

107 جار خوێندراوەتەوە