ئاوات شێخ جەناب: داوا لە عەلی زەیدی دەکەین ئەم ستەمەی لە سەر کوردستانە لابدرێت

KNN : Kurdish News Network
12:06 - 17/09/2026
کوردستان
+
-

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئاستەنگانەی خراونەتە بەردەم پرسی بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان نادەستوورین و گوزارشت لە نادادپەروەرییەکی گەورە دەکەن، هاوکات داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات ئەو ستەمەی سەر هەرێم لابدات.

 

وەزیری دارایی ئاماژە بەوە دەکات، یەکەم کێشەی بودجە پەیوەستە بە پشکی هەرێمەوە کە بەپێی سەرژمێری دەبێت 14.14٪ بێت، بەڵام ئەو ڕێژەیەی بۆ هەرێم دیاریکراوە تەنها 12.68٪ـە. ڕوونیشیکردەوە، لە بابەتی خەرجییە سیادییەکاندا ستەم لە هەرێم دەکرێت، چونکە سەرەتا ڕێژەکە لە کۆی گشتیی بودجە لادەبرێت و دواتر پشکی هەرێم دیاری دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پشکەکە، لە خەرجییە حاکمەکانیشدا جگە لە بابەتی دەرمان سوودێکی کەم بەر هەرێم دەکەوێت. سەرەڕای ئەوەش، هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی قەرزەکاندا هیچ پشکێکی پێ نادرێت، بەڵام لە کاتی گێڕانەوەی قەرزەکاندا بەشداری پێ دەکرێت.

 

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، ئاوات شێخ جەناب باسی لە یاسای خەرجیی کرداری (ئینفاقی فیعلی) کرد و ڕایگەیاند، بنەمای دادپەروەری بەرامبەر بە هەرێم تێیدا ڕەچاو نەکراوە؛ بەو پێیەی خەرجیی 15 پارێزگاکەی عێراق هەژمار دەکرێت و دواتر دابەشی 18 دەکرێت، ئینجا پشکی هەرێمی لێ دەردەکرێت.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە بەپێچەوانەی سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە کە مووچەکانیان لە دەرەوەی خەرجیی کردارییە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخرێتە ناو خەرجیی کردارییەوە.

232 جار خوێندراوەتەوە