وەزیری دارایی
و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەیانەوێت حکومەتی فیدراڵ
مامەڵەی هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم بکات و مووچە لە
خەرجیی کرداری دەربهێنرێت، هاوکات داوا لە بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمان دەکات
پشتیوان بن بۆ چەسپاندنی مافەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـدا.
ڕۆژی سێشەممە (15ی
ئەیلولی 2026)، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە هۆڵی ڤێر،
کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد. لە دیدارەکەدا
گفتوگۆ لەبارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی
عێراق و جێگیرکردنی پشکی هەرێم کرا. وەزیری دارایی ڕایگەیاند، ماوەی چەند مانگێکە
سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ دیاریکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەسەر بنەمای دەستوور
و بەپێی دوایین داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، و زامنکردنی مووچەش لە
پێشینەی کارەکانیانە.
سەبارەت بە
کێشەی دەروازە سنوورییەکان، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەر جێبەجێکردنی
سیستەمی ئەسیکۆدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و چاوەڕێ دەکەن بەغدا بیخاتە بواری
جێبەجێکردنەوە. ڕوونیشیکردەوە کە بە جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە، سەرجەم ئاستەنگەکانی
بەردەم بازرگانانی هەرێم هەڵدەگیرێن، کە خۆیان لە لابردنی بازگەکان، پێدانی دۆلار
بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی و چارەسەرکردنی کێشەی باج دەبیننەوە. لە بەشێکی
دیکەی دیدارەکەدا، باس لە هەماهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی کرا بۆ
بنەبڕکردنی بیانووەکانی ڕابردوو لەسەر لیستی مووچە، داهاتی ناوخۆ و وردبینیی
خەرجییەکان.
لای خۆیەوە،
کونسوڵی گشتیی بەریتانیا ستایشی شەفافیەتی وەزیری دارایی کرد لە خستنەڕووی داتا و
زانیارییەکان، و بە پێویستی زانی کە سەرجەم لایەنە کوردییەکان بۆ جێگیرکردنی
شایستە داراییەکانی هەرێم یەکدەنگ بن. لە کۆتاییدا وەزیری دارایی جەختی لە گرنگیی
یەکڕیزیی کورد کردەوە و داوای لە کونسوڵی بەریتانیا کرد لەرێگەی وڵاتانی
هاوپەیمانەوە پشتیوانیی مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
102 جار خوێندراوەتەوە