مەزڵووم عەبدی: لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی زیندانی کۆبانێ دەکرێت و ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.

KNN : Kurdish News Network
09:33 - 14/09/2026
کوردستان
+
-

مەزڵووم عەبدی رایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوەیەکی گشتی و شەفاف بۆ دەرخستنی راستییەکانی رووداوەکەی زیندانی کۆبانێ، کە نۆ کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا، دەستیپێکردووە و ئەنجامەکانیشی بۆ رای گشتی بڵاودەکرێنەوە

 

ئەمڕۆ دووشەممە، مەزڵووم عەبدی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردەوە: "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی شەهیدبوونی نۆ کەس لە رووداوەکەی زیندانی کۆبانێ رادەگەیەنم، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان و سەرجەم خەڵکی کۆبانێ دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی بەپەلە بۆ برینداران دەخوازم"

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی روونیکردووەتەوە، لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف دەستیپێکردووە بەمەبەستی دەرخستنی راستیی رووداوەکە و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون، جەختیش دەکاتەوە کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی روون بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێن

 

بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەم شێوەیەش، مەزڵووم عەبدی پێداگری لەوە کردووە کە پێویستە رۆڵی دەزگا دادوەری و ئەمنییەکان کارا بکرێت و هەماهەنگیی نێوانیان بەهێزتر بکرێت، بە جۆرێک سەروەریی یاسا مسۆگەر بێت، مافەکانی هاووڵاتییان و زیندانییان پارێزراو بن و ئاسایش و ئارامیی کۆبانێش بپارێزرێت.


103 جار خوێندراوەتەوە